بەسەرهاتی ماریا و ڕووی ڕاستی شەڕ...
10:18
ژنها
ناوەندی هەواڵ- لە باشوری سودان بەهۆی ئەو شەڕەی لە ساڵی ٢٠١٣دەوە دەستی پێکردوە، ژمارەیەکی زۆری ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی سەربازان بوونەتەوە. ماریا ئەو ژنەیە کە دوای ئەوەی هاوژین و منداڵەکانی دەکوژرێن و کچە دە ساڵانەکەشی لەلایەن سەربازانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر، هەوڵ دەدات گیانی خۆی ڕزگار بکات و دەچێتە کامپ، بەڵام لە کامپدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبێتەوە و لە ئەنجامدا منداڵێکی دەبێت، چیرۆکی ژیانی ماریا ڕاستی شەڕ دەخاتە بەرچاوی مرۆڤایەتی.
لە ٥-١-٢٠١٣دا ناکۆکی نێوان سەرۆکی هۆزی " سایر" دینکا کلاڤا و لایەنگرانی سەرۆکی هۆزی "نورە" رایک مەچەر،لە باشوری سودان، شەڕێکی دژواری لێکەوتەوە. لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا باشوری سودان وێران بوو. لەسەر ئەنجامی ئەو شەڕە، نەتەوە یەکگرتوەکان ئاشکرای کردبوو کە ٥٠٠ هەزار کەس کوژراون، ٤ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی هەژاری و برسێتی بوونەتەوە ٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسیش ئەشکەنجە کراون.هەروەها بە هەزاران کەس دووچاری کۆچبەری هاتوون و لە کامپی "بەنتویا" کە دەکەوێتە باکوری وڵات نیشەجێ کراون.
چیرۆکێک لە ملیۆنان چیرۆکە تاڵەکانی ژنان:
ماریا و خێزانەکەی کە لە هۆزی نورن، بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و نەبنە قوربانی شەڕ هەوڵ دەدەن بچن بۆ ئەو کامپەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دروستکراوە، لە ڕێگادا چەکدارانی هۆزی سایر ڕێگەیان پێدەگرن و بەبیانوای کوڕان هەڕەشەن بۆ سەر داهاتوویان، کوڕەکانی ماریا و هاوژینەکەی دەکوژن، چەکداران بە ماریا دەڵێن: کچ و ژنان ناکوژین تەنیا دەستدرێژیان دەکەینەسەر. ماریا دەڵێت: "هیچ جیاوازیەک نیە لەنێوان کوشتن و دەستدرێژی کردن، چەکداران دوای ئەوەی هاوژین و کوڕەکانیان کوشتم، لەبەر چاوی من بە سێ کەس دەستدرێژیان کردە سەر "نیالات"ی کچە دە سالانەکەم، ئەوەندەم بینی هەموو جەستەی لە خوێن سور بووە، دوای کاتژمێرێک کچەکەشم بە هۆی خوێن بەربوونەوە گیانی لەدەستدا. دوای ئەوەی کچەکەم گیانی لەدەستدا چەکداران پێیان وتم؛ دەمانەوێت تۆش بمری."
" سەرجەم ژنانی کامپ دەستدرێژیان کراوەتە سەر"
دوای ئەو کارەساتە ماریا بە هەر جۆرێک بێت خۆتی دەگەیەنێتە کامی نەتەوە یەکگرتوەکان، ماریا بەو شێوەیە بەردەوامی چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە: "شەڕ بەردەوام بوو سەربازان هەڵیان کوتایە سەر کامپ، لەسەر دیوارەکانەوە دەهاتنە ناو کامپەکە، هەرچی کچ و ژنی ناو ئەو کامپە هەیە دەستدرێژیان کردە سەر هەمووان، کەسێکمان نەما کە دەستدرێژی نەکرابێتە سەر. منداڵی کچ، دایک و پیر بەگشتی، ئەو ژنانەی کە بەرگریان دەکرد دەیان کوشتن یان بە کوشتن هەڕەشەیان دەکرد."
" هەر کە چاوم بەو منداڵە دەکەوێت ڕووداوەکانی کامپم بیردێنێتەوە"
ماریا دوای ساڵێک کامپەکە بەجێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتە پایتەخت "جوبای" ماریا دەڵێت: "دوای ئەوەی لە کامپ چوومە دەرەوە، بە هۆی دەستدرێژی چەکداران دووگیان بووم و کچێکم بوو، زۆرێک لە ژنان وەک من دووگیان بوون، بەڕاستی لەوە ناخۆشتر نیە کە منداڵەکانت بکوژن و بەزۆر دووگیان بکرێین. زۆرێک لەو ژنانە دەیانەویست منداڵەکانیان لەبار ببەن، بەڵام هیچ حەب و دەرمان دەست نەدەکەوت، کاتێک مناڵەکەی منیش لەدایکبوو، من دەمویست فڕێی بدەم، چونکە هەر سەیرم دەکرد ڕووداوەکانی کامپی بیردەخستمەوە، ئێستا ئەو منداڵەم تەمەنی ٨ مانگە، بەڵام هەرچەند کارەساتی ئەو ڕۆژەم بیردێنێتەوە زیاتر دەمەوێت تێبکۆشم و کۆڵ نەدەم."
ئێستا ماریا لە ئۆغاندا دەمێنێتەوە، لەلایەن ڕێکخراوێکی ئەمریکی کریستیانیەوە هاوکاری دەکرێت.
(ش ب)