رژاک، ژنان خاوەن زۆرترین ڕەنجن لە مێژوودا

09:11

ژنها

ناوەندی هەواڵ- ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە بۆنەی ١ ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، لێدوانێکی ڕاگەیاند.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک) بەبۆنە ڕۆژی جیهانی کرێکاران، لێدوانێکی نوسروی ڕاگەیاند، رژاک سەرەتا سەرەتا پیرۆزبایی لەسەرجەم ره‌نجده‌ران و کرێکارانی جیهان دەکات و ڕادەگەیەنێت: " ئێمه‌ وه‌کو رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ١٢٦ ‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی ره‌نجده‌رانی جیهان و کوردستان پیرۆز ده‌که‌ین. به‌ تایبه‌ت ژنان و دایکانی ره‌نجده‌ر که‌ هه‌م له‌ ماڵ و په‌روه‌رده‌ کردنی منداڵ هه‌میش له‌ سه‌ر کاریشدا،‌ ره‌نجێکی بێ کۆتایی و بێ وێنه‌یان‌ داوه‌ و به‌ درێژایی مێژوو بێ ماندوو بوون، ره‌نجیان کێشاوە."

رژاک لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌ ئێستادا، قه‌یرانی ئابوری رووبه‌ڕووی هه‌موو گه‌لان کردۆته‌وه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ش به‌رهه‌مهێنانی کاڵا و شمه‌کی زیاده‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی دراوه‌کان و یاری پێکردنیان بۆ قازانجی زیاتر، ئه‌م قه‌یرانه‌ به‌رۆکی باشوری کوردستانیشی گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و قه‌یرانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سیستمه‌ نادادپه‌ر‌وه‌رو نادموکراتییه‌ی که‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکیاندا، سه‌پاندووه.‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌کانه‌وه‌ بازرگانی و هاورده‌و هه‌نارده‌کردنی کاڵاو پێویستییه‌کان قۆرخ کراوه‌، هۆکارێکیتریش‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک پارت و بنه‌ماڵه‌‌وه‌ رۆڵی سه‌ره‌کییان هه‌یه‌ له‌م قه‌یرانه‌ دروستکراوه‌ ئابورییه‌ی ئێستادا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م لایه‌نانه‌ له‌ژێر رکێفی وڵاتانی دراوسێداحکوم ده‌کرێن به‌ تایبه‌ت ده‌وڵه‌تی تورک، ئه‌م هه‌له‌ی قۆستۆته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و سیاسی خۆی و به‌ کاریان دێنێت. ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی کانزاکانی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی وه‌ک ( په‌تڕۆڵ و گاز) که‌ به‌ هه‌رزان به‌ده‌ستی ده‌خه‌ن و به‌ تاڵانی ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها به‌ ئاسانی ده‌گاته‌ ده‌ستیان و بڕێکی زۆر که‌م له‌ داهاته‌که‌ی ده‌گاته‌وه‌‌ هه‌رێمی کوردستان، یان ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و بلۆک ده‌کرێت و له‌ دژی گه‌لی کوردی باکور به‌ کار ده‌هێنرێت."

هه‌روه‌ها رژاک جەختیش دەکاتەوە: " له‌و هه‌نارده‌ و هاورده‌کردنی کاڵا و شمه‌که‌ ماوه‌به‌سه‌ر چووانه‌دا خۆیان سوودمه‌ند ده‌بن و بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتیان و خۆیانیان پێ ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه‌. هه‌روه‌ها له‌و‌ داهاته‌ بڕێکی ئێجگار که‌می به‌ نیوه‌ناچڵی ده‌درێته‌ فه‌رمانبه‌ران که‌ مافی ره‌وای خۆیانه‌‌ مووچه‌ی ته‌واو، له‌ کاتی خۆیدا وه‌ربگرن که‌ هه‌مان بڕیش به‌ ناوی پاشه‌که‌وته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خۆیان و زێر زه‌مینه‌ تاریکه‌کانیان. خه‌ڵک چاو له‌به‌ر ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ته‌نها بیر له‌ بژێوی ژیانیان بکه‌نه‌وه‌ و به‌ هه‌ژاری بمێنه‌وه، ده‌وڵه‌تی فاشیستی‌ تورک، ئه‌و کورد کوژه‌، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ سامانه‌کانمان به‌ تاڵان ده‌بات، به‌ خۆراکه‌ ماوه‌به‌سه‌ر چووه‌کانی ژەهرخواردمان ده‌کات‌."

ڕژاک لەبەردەوامی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "ئه‌م ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییه‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کاڵاو شمه‌کانه‌ی هاورده‌ی هه‌رێمی ده‌که‌ن ساغی بکه‌نه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی مادی خۆیانی پێ زیاد بکه‌ن، هه‌تا ئێستا بچووکترین کارگه‌و شوێنی کاریان بۆ هاوڵاتیان دروست نه‌کردووه،‌ هه‌تا کاری تێدا بکه‌ن و به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بکرێت و خه‌ڵک لێی سودمه‌ند ببێت، به‌ تایبه‌ت ژنان. ژنانێکی زۆر هه‌ن و بێکارن و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی داهاتیان نییه‌. ئه‌و مارکێت و شوێنانه‌ش که‌ ژن ره‌نجی تێدا ده‌ده‌ن، به‌ بڕێکی که‌م مووچه‌ کار ده‌که‌ن و هچ رێز له‌ ماندووبوونیان ناگیرێت، بگره‌ بێ رێزییشان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت و هیچ زه‌مان و گه‌ره‌نتی پاراستنی ژیانیان نییه‌."

ڕێکخراوی ژنانی ئازاد لە کۆتایشدا رادەگەیەنێت: "ئێمه‌ وه‌کو رێکخراوه‌که‌مان ( رژاک) هه‌میشه‌ ئه‌م یاده‌ به‌رز راده‌گرین و پشتیوانی له‌ ره‌نجی کرێکاران به‌ گشتی و به‌ تایبه‌ت ژنانی ره‌نجده‌ر ده‌که‌ین. هه‌روه‌ها ده‌ڵێین به‌ ره‌نجی ژن له‌ مێژوودا ژیان ده‌ستی پێکرد و کۆمه‌ڵگاش پێشکه‌وت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر به‌ ره‌نجی ژن ئه‌و به‌هایه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ژنان که‌ ره‌نجیان له‌ پێناویدا داوه‌ و رۆڵه‌ راسته‌قینه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی،‌ بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌. بێگومان هه‌ر به‌ ره‌نج و تێکۆشانی ژن سه‌رده‌که‌وین، به‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاتی نادادپه‌روه‌ر، هه‌تا له‌ جێگه‌یدا سیستەمێکی دیموکراتی ده‌سته‌به‌ر و به‌رهه‌م دێنین، که‌ مافی هه‌موو ره‌نجده‌ران مسۆگه‌ر بکات، به‌ تایبه‌ت ژنان و دایکانی ره‌نجدەرە.

(ش ب)