سەرەڕای گوشارەکان، کچانی ئۆکێسترای ئەفغانی دەچنە سەر شانۆ

12:47

ژنها

ناوەندی هەواڵ- ئەنیستیتۆی مۆسیقای نەتەوەیی ئەفغانستان لەساڵی ٢٠١٠ دا لە لایەن گەنجانەوە دامەزراوە، بەگوێرەی هەواڵی رۆیتەرز ئەنیستیتۆ هەوڵ دەدات لە وڵاتەکەیان خۆیان بگەیەننە لاوانی بەهرەمەند و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین چالاکی هونەری ئەنجامدەدەن.

بەڵام کاتێک کچان بەشداری خولی فێربوونی ئامێرەکانی مۆسیقا دەبن ڕووبەڕووی فشارەکانی خێزان، کۆمەڵگە و هێزە توندڕەوەکان دەبنەوە، "نەگین قابلوەک" یەکێکە لەو کچە گەنجانەی کە سەرەڕای هەموو فشارەکانیش بەردەومە لە مۆسیقاژەنی، نەگین باس لەوە دەکات کە نەک تەنیا تاڵیبان بەڵکو جگەلە باوکی سەرجەم بنەماڵەکەی دژی دەوەستنەوە.

نەگین دەڵێت: "لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کاتێک کچێک کاری هونەری بکات ڕووبەرووی زەحمەتی زۆر دەبێتەوە و ژیانی دەکەوێتە مەترسی، لە ناو بنەماڵەکەمان مۆسیقا ژەنی نەک تەنها بۆ کچان بەڵکو بۆ کوڕانیش ڕێگە پێدراو نیە."

بنەمالەی نەگین و کچانی ئۆکێستراکە هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێت دەرکەونە تەلەفزیۆن، بەڵام سەرەڕای هەموو گوشارەکانیش کچانی مۆسیقا ژەن ئامادەکاری دەکەن لەگەڵ ئۆکێتسترا دەرکەونە سەر شانۆ.

(ش ب)