پەیامی زیلان تانیا بەبۆنەی ١ی ئایار
09:06
ژنها
ناوەندی هەواڵ- هاسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، پەیامێکی ڕاگەیاند.
زیلان تانیا هاسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پەیامێکدا ١ی ئایار لە هەموو کرێکارانی کوردستان، ئەو ڕێکخستنانەی کە لە ژێر ناوی کرێکارانی کوردستاندا لەم ڕێگایەدا تێکۆشان دەکەن و لەهەموو گەلانی ڕەنجدەر و تێکۆشەری دونیا و ئەو کەسانەی کە بۆ ئازادی و ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان خاوەنداریەتی دەکەن پیرۆز کرد.
زیلان تانیا ئەو کەسانەی کە لەم ڕێگایەدا لە پێناو ئازادی تێکۆشان و گیانی خۆیان بەخت کرد بە بیر هێنایەوە و وتی: " سەری ڕیز و نەوازش لەبەرامبەر تێکۆشانی ئەوان و ئاڵای بەرزی ئازادی ئەواندا دادەنەوێنین، تێکۆشانی ئەوان بە تێکۆشانی خۆمان دەزانین و دووبارە لەبەرامبەر هەموو کەسێکی ئازادی خواز و ئەو نەتەوانەی بۆ ئازادی خۆیان تێدەکۆشن بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئێمە ئەم ڕیگاییە بەرنادەین تا ئەگەین بە سەرکەوتن و لە هیچ کۆسپێك سڵ نەکەین."
هەروەها لە بەردەوامی وتەکانیدا زیلان تانیا ئاماژە بە سیاسەت و سیستەمی دەسەڵاتداران دەکات سەبارەت بە نزیکبوونەوەیان لە کۆمەڵگا وەك چینێکی کەم و بێ بایەخ و سەپاندنی سیاسەتی خۆیان لەناو ژیانی کۆمەڵگادا و پەیڕەوکردنی سیاسەتێكی دوور لە ئاستی ژیانی مرۆڤەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا. هەروەها شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگا و دروستکردنی وەسفێکی نەڕاست بۆ کۆمەڵگا و خۆ گەورەکردنیان لەسەر ڕەنجەکانی کۆمەڵگایە. ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت کۆمەڵگا خۆی تێکۆشان بکات و خاوەنداریەتی لە ڕەنجی خۆی بکات و هەوڵدان و تێکۆشان بکەن بۆ ئازادی خۆیان، و لەبەرامبەر ئەو سیستەمە چەوتەی دەسەڵاتداران سەبارەت بە کۆمەڵگا بوەستن.
هاوسەرۆکی "کۆدار" جەختی کردەوە: "ئێمە وەك هێزی ئاپۆی لەدژی هەموو سیاسەت و سیستەمانە دەستمان بە تێکۆشان کرد، بۆ گەڕاندنەوەی ئازادی و مافی تاکەکانی کۆمەڵگا تێدەکۆشین و هەروەها خاوەنداریەتی دەکەین لەهەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا."
لەهەمان کاتدا سەبارەت بە سەپاندنی ئەم سیاسەتە بەسەر ژناندا لە ناو کۆمەڵگادا ڕایگەیاند کە ژنان هەمیشە یەکێکین لەو چینانەی کە خاوەنی ڕەنج و تێکۆشانی زۆر پیرۆز و گەورەن بەڵام نەبینینی ئەمانە و ڕەتکردنەوەیان لەناو کۆمەڵگا بۆتە کارێکی هەمیشەی و ئاسایی.
زیلان تانیا لە بەردەومی پەیامەکەیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر بچوک کردنەوەی ڕەنج و تێکۆشانی ژنان لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری و وتیشی: "ئەم سیستەمە بە هەموو شێوەێك ژن و ڕەنجی ژن ڕەتدەکاتەوە، دژی ژنان و هەوڵدان و تێکۆشینەکانی ژنانە لەناو کۆمەڵگادا، هۆکاری ئەمەش ئەوەییە کە ئەم سیاسەت و سیستەمە دووری ژنە و ڕەتکەرەوەی ژنە لەناو خۆیدا، لەناو سیستەمی دەسەڵاتداراندا ژن خراوەتە پشت پەردەکانەوە و هیچ ڕەنگ و ناسنامەێکی نیە. لەهەمان کاتدا ئەم سیاسەتە لەسەر ڕەنجی ژن خۆی بەهێز و گەورە دەکات، هەر بۆیە دەبێت ژنان خۆیان ببنە وەڵامدارەوەی هەموو ئەمانە و ڕەنگی ڕاستەقینەی ژن دەربخەن و هەموو ئەم سیاسەتە چەوتانەی دژ بە ژنان ڕەتبکنەوە و بۆخۆیانی قبوڵ نەکەن. هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادی خۆیان و خاوەنداری بکەن لە ڕەنج و ماف و ئازادی خۆیان لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا. ببنە پێشەنگ بۆ ئازادی کۆمەڵگا، و لەهەمانکاتدا ڕێگەێكی تر کە بتوانێت کۆتایی بەو بیر و سیاسەتە بێنێت، هاوبیری و هاوفیکری ئێمەییە لەناو بەرەی تێکۆشاندا.
زیلان تانیا هاسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: " وەرن با دوور لە چینایەتی و جیاوازی کردن، هەموومان لەژێر یەك چەتردا کۆببینەوەو، ببینە بەردەوامکەری ئەو میراتەی کە لەم ڕێگایەدا بۆمان بەجێماوە و خاوەنداریەتی بکەین لە هەموو شەهیدانی ئەم ڕێگاییە کە بۆ ئازادی تێکۆشانیان کرد و ئەم تێکۆشانەمان بگەێنینە ئازادی و سەرکەوتن."
(ش ب)