ڕەنگی ژن لە چاپەمەنی ڕۆژئاوادا
09:10
ژنها
قامیشلۆ ـــ لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەو ژنانەی پێشەنگایەتی شۆڕشیان کرد، لە مەیدانی ڕاگەیاندنیشدا هەنگاوی شۆڕشیان هاوێشت. بەتایبەت لەدوای دامەزراندنی ڕاگەیاندنی ژنانی ئازاد RAJIN)) ڕۆژنامەوانی ژن چالاکتر بوو، لە ئێستاشدا خەباتکارانی دەزگای ڕاگەیاندن لە سەدا ٥٧ ژنن.
دوێنێ دووەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانی ئازاد (RAJIN)، بەو بۆنەیەوە ئێمەش لێکۆڵینەوەمان لەسەر پێگەی ژنان لەناو ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوادا کرد.
خەباتی ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوا بە گۆڤاری 'هاوار' کە میر جەلادەت بەدرخان لەساڵی ١٩٣٢ دا چاپ کرابوو دەست پێ دەکات، بەڵام تا ئاداری ساڵی ١٩٨٦ خەباتی ڕۆژنامەوانی بەناوی پارتەکانەوە بەڕێوە دەبرا، بڵاو کراوەی پارتیەکانیان چاپ دەکرد. ساڵی ١٩٨٦ بۆ چاپەمەنی کورد بووە دووڕیانێک، لەو ساڵەدا گۆڤاری دەنگی کوردستان دەستی بە پەخش کرد، بەو هەنگاوەش ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاو لە چاپەمەنیدا جێگایان گرت.
خەباتی چاپەمەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەستپێکی پێڤاژۆی شۆڕشی ١٩ تەمموز بۆ هەنگاوێکی شۆڕشگێڕی گۆڕدرا، ژمارەیەکی زۆر دەزگای چاپەمەنی دامەزران و بەسەدا کەس دەستیان بە خەبات کرد، بەڵام لەوانە گرنگتر بەشدار بوونی ژنان ڕێژەیەکی بەرچاوی ژنان بوو.
وەکو زۆربەی مەیدانەکانی شۆڕش، لە بواری چاپەمەنیشدا ژنان ڕۆڵێکی پێشەنگیان گێڕاو لەهەر دەزگایەکدا بەشێوەیەکی چالاک بەشدار بوون. لە ئێستاشدا لە کۆی ٣٢٨ ئەندامی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا، ١٨٨ ئەندامیان ژنن کە دەکاتە ڕێژەی ٪٥٧. هەروەها نوێنەرایەتی ئاژانسی هەواڵی ژنان (JINHA) کرایەوەو ٣ گۆڤاری تایبەت بەژنان بەناوەکانی ئاسۆی ژن، دەنگی ژیان و تۆڕی یەپەژە(Tevna YPJ) چاپ کران.
دوای ئەوەی ڕێژەی ژنانی ڕۆژنامەوان زیادی کرد، خەباتی ڕێکخستن کردنیشیان بۆ دەزگایەکی مەزنتر گۆڕی و لەئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا لە ٣٠ نیسانی ٢٠١٤ لە شاری قامیشلۆ کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژنامەوان بەڕێوە چوو، لەو کۆنفرانسەدا کە زیاتر لە ٨٠ ژنی ڕۆژنامەوان بەشدار بوون، یەکێتی یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانی ئازاد (RAJIN-Rojava) دامەزرا.
بەو پێیەش پێکهاتەی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن و ژمارەی ئەندامانی ژن بەم جۆرەیە:
ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA): بە گشتی ٩٥ خەباتکاری هەیە کە ٧٥ کەسیان ژنن. ژن لە بەشەکانی بەڕێوەبەرێتی، سەرنوسەری، وەرگێڕان، پەیامنێری، تەکنیکی و چەندین بەشی تردا جێ دەگرن. هەروەها بەشی تایبەت بە ژنانیش دامەزراوە.
ڕوناهی تی ڤی: لە کۆی ٨٠ خەباتکار، ٤٨ ژنن. ژنان لە بەشەکانی دۆسیە، بەرنامە، پێشکەشکاری، بەڕێوەبەرایەتی و بەشی تەکنیکیدا خەبات دەکەن.
ڕۆژنامەی ڕوناهی: بەگشتی لەلایەن ٥٦ خەباتکارەوە بەڕێوە دەبرێت، کە ١٨ لەوان ژنن و لە بەشەکانی سەرنوسەری ڕۆژنامە، پەیامنێر، دیزاینێەر و بڵاوکردنەوە جێدەگرن.
ڕادیۆ: لە ڕادیۆی دەنگی جودی، ئۆرکێش، خابور، عەفرین ئێف ئێم، دەنگی کۆبانێ، درباسیە ئێف ئێم و واشۆکانی دا ٥٢ کەس خەبات دەکەن و ٣٢ لەو خەباتکارانە ژنن کە لەهەموو بەشەکاندا جێگا دەگرن.
چاپەمەنی YPG و YPJ: لە ١٧ ڕۆژنامەوان ٥ ژنن، هەروەها ماڵپەڕێکی سەربەخۆی یەکینەکانی پاراستنی ژنیش هەیە کە ٣ ڕۆژنامەوانی ژن بەڕێوەی دەبەن.
گۆڤاری دەنگی لاوانی ڕۆژئاوا: بە زمانی کوردی و عەرەبی دەردەچێت، لە ٢٠ ڕۆژنامەوان ١٥ ژنن.
گۆڤاری ڕۆژهەڵاتی ناوین: بەگشتی لەلایەن ٥ ڕۆژنامەوانەوە کە ٢ لەوان ژنن بەڕێوە دەبرێت.
خەباتێکی چۆنە؟ ژنانی ڕۆژنامەوان تا گەیشتوونەتە ئەم ئاستەی ئێستا زەحمەتیەکی زۆریان کێشاوە، پەیامنێرانی ژن لەم پەیوەندیەدا بۆچوونی خۆیان هێنایە زمان.
دیجلە ئەحمەد پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار لە کۆبانێ دەستنیشانی کرد کە ئەو لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاواوە دەستی بە خەباتی ڕاگەیاندن کردووە.
دیجلە ئەحمەد وتی: " سەرەتا بۆچوونی بنەماڵەو کۆمەڵگا لە دژی خەباتی ژنان بوو، بەڵام ئەوان بە تێکۆشانی خۆیان توانیان ڕۆڵێکی چالاک لە ڕاگەیاندندا بگێڕن و ڕۆژ بەڕۆژ هەژماریان ڕوو لە زیاد بوون بوو.
بێریڤان گرباویسەرنوسەری ڕۆژنامەی "ڕوناهی" بەم جۆرە باسی ڕۆڵی ژنان لە خەباتی چاپەمەنیدا کردو وتی: "ژن و چاپەمەنی بەیەکەوە گرێدراون، چونکە ژن ڕاستی بە جیهان ڕادەگەیەنێت." بێریڤان هەروەها دەستنیشانی کرد کە ڕاگەیاندن پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیەو بەم جۆرە بەردەوامی بە قسەکانی دا: "لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە ژنان لەهەموو مەیدانەکاندا چالاکانە ڕۆڵیان گێراوەو لە هەموو بەشەکانی ڕاگەیاندندا خەباتێکی مەزنیان بەڕێوە بردووە."
(ش ب)