کۆبانێ؛ ژنانی جەوان پێشەنگن لە بونیادنانەوە
09:14
زاهیدە ئەحمەد/ ژنها
کۆبانێ- دوای تێکچونی داگیرکەری و هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، هاوڵاتیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و شارەکەیان نۆژەن دەکەنەوە، ژنان بە گشتی بە تایبەتیش ژنانی جەوان پێشەنگن لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگە.
ژنانی جەوان لە کانتۆنی کۆبانێ، لە هەموو ڕێکەوە دەستپێشخەری دەکەن بۆ بونیادنانەوەی شارەکەیان، دێرسم باران ئەندامی یەکێتی گەنجانی ڕۆژئاوا(YCR) بەو شێوەیە باسی لە پێش شۆڕش کرد: "بەر لەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەست پێبکات، سیستەمی دەسەڵاتداری کاریگەری خرپی کردبووە سەر ژیانی ژنان و بە گشتی کۆمەڵگە، بەتایبەتیش ژنانی جەوان لە زۆر ڕووەوە لە ڕاستی خۆیان دوور کەوتبوونەوە، بۆ نمونە؛ نەماندەزانی کێین و بۆ چی دەژین، نەماندەزانی شەر چیە و بۆچی پێویستە، بەرگریکردن، کۆچبەری و کوردبوونمانی خۆمان نەدەزانی."
دێرسم باران جەختی کردەوە: "تێکۆشانی یەکینەکانی پاراستنی ژن و یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژنانی جەوانی ڕۆژئاوا بە تێکۆشان و شەڕ لەلایەک وەڵامی دوژمنانیان دایەوە، لەلایەکیتریش واتای ژیانیان بەخشی بە کۆمەڵگە."
دێرسم باران ئاماژەی بەوە کردن کە ئێستا ئەوان لەناو پرۆسەی بونیادنانەوە دان، ناوبراو وتیشی: "سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتیانەی شەڕ لەگەڵ خۆی دروستی کردوون، دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتدارانی پارتی ئابڵوقەی هاوبەشی ئابوریان بەسەر ڕۆژئاوا سەپاندوە، ئەمەش کاری ئێمەی زەحمەت کردوە، چونکە بونیاندنانەوە شارێکی وەک کۆبانێ پێویستی بە خەرجی زۆر و هاوکاری هەیە."
هەروەها شیرین عوسمان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەنجان لە کانتۆنی کۆبانێ، وتی: "ئێمە وەک ڕێکخستنی ژنانی جەوان لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بە هاوکاری دەوڵەتی توکیا، ڕۆڵێکی گرنگمان گرتە ئەستۆ. ئێستاش لەگەڵ ئەرکی خۆپاراستن، چەندین خەباتی تر وەک خەباتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتوری و هونەری بەڕێوەدەبەین."
شیرین ڕایگەیاند کە ئەوان باوەڕیان بەوە هەیە کە کۆمەڵگە بە هێزی ژنان و گەنجان بونیاد دەنرێتەوە و هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی ژنێکی بە ڕێکخستوو بشکێنێت.
شیرین عوسمان لە کۆتایشدا داوای لە ژنانی جەوان کرد کە خۆ پەروەردە کردن بکەنە بناغەی ژیانی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لە هەموو هێرشێکی دوژمنان بپارێزن.
(ش ب)