سلێمانی؛ ڕێپێوانێک بۆ ڕۆژی جیهانی کرێکاران بەڕێووەچوو

19:50

ژنها

سلێمانی- ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ڕۆژی جیهانی کرێکاران بە بەڕێپێونێک پیرۆزکرا.


ئەمڕۆ یەکشەمە(١-٥-٢٠١٦) لە شاری سلێمانی بە دەستپێشخەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بەبەشداری ژمارەیەک زۆری هاوڵاتیان ڕۆژی جیهانی کرێکاران بە ڕێپێوانێک پیرۆز کرا.

ڕێپێوانەکە کاتژمێر چواری دوا نیوەڕۆ، لە بەردەم گەراجی بازیان تا بەردەم باخی گشتی شارەکە بە دەم وتنەوەی دروشم بۆ واتای ئەو ڕۆژە بەڕێوەچوون پاشان لە بەردەم باخی گشتی هاوڵاتیان کۆبوونەوەو مەراسیمێک بۆ پیرۆز کردن و بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕۆژە ساز کرا، سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیان بە ختکردوانی ڕێگای ڕەنج دەستی پێکرد.

پاشان هەڤال بەکر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای ئازادی وتەیەکی پێشەکەش کرد و پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە سەرجەم گەلانی ڕەنجدەر و تێکۆشەرانی ئازادی و یەکسانی کرد، ناوبراو لە وتەکەیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی قەیرانی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان کە باڵی بەسەر چینی کرێکار و ڕەنجدەر داکێشاوە.

دواتر لەسەر ناوی رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، چنور نەجمەدین ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە لە سلێمانی، پەیامێکی خوێندەوە، چنور ڕایگەیاند: "ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە سەرجەم کرێکارانی جیهان و کوردستان پیرۆز ده‌که‌ین. به‌ تایبه‌ت ژنان و دایکانی ره‌نجده‌ر که‌ هه‌م له‌ ماڵ و په‌روه‌رده‌ کردنی منداڵ هه‌میش له‌ سه‌ر کاریشدا،‌ ره‌نجێکی بێ کۆتایی و بێ وێنه‌یان‌ داوه‌ و به‌ درێژایی مێژوو بێ ماندوو بوون، ره‌نجیان کێشاوە."

هەروەها لە مەراسیمەکەدا غەریب حەسۆ نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان وتەی پێشەکەش کرد. غەریب حەسۆ وتی : سەرەتا پیرۆزبایی لە هەموو کرێکارانی جیهان دەکەین، بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵیە کە یادی ئەو ڕۆژە دەکەینەوە، ڕەنجدەران هەمیشە بوونەتە سیمبۆلی سەرکەوتن بەسەر سیستەمی دەسەڵاتداری و دکتاتۆری."


دواتر هەڤاڵ شڤان لەسەر ناوی کۆمەڵەی گەنجانی وڵات پارێز، پەیامی کۆمەڵەکەی بە ئامادەبووان ڕاگەیاند و باسی لە ڕۆڵی گەنجان کرد لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگەی ڕەنج و پێکەوە ژیانی گەلان بەبێ بوونی دەسەڵات و سیستەمی دەسەڵاتداری.

مەراسیمەکەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران بە خوێندنەوەی هۆنراوە تا کاتژمێر ٥ و نیو بەردەوام بوو.


(ش ب)