هەولێر؛ لە ژێر دروشمی 'بە ڕەنج سەردەكەوین' جەژنی کرێکاران پیرۆز کرا

09:23

ژنها

هەولێر- جەژنی تێكۆشانی کرێکار و ڕەنجدەران لە شاری هەولێر لە لایەن كۆمەڵەی كرێكارانی میزۆپۆتامیاوە بەبەشداری هاوڵاتیانی شارەكە‌و ژمارەیەكی بەرچاو لە پەنابەران و کرێکارانی هەموو پارجەکانی کوردستان، جەژنی کرێکاران پیرۆزكرا.

ئەمڕۆ بەدروشمی "بەپێشەنگایەتی ڕێبەرێكی ئازاد بە ڕەنج دەستمان پێکرد، بە ڕەنجیش سەردەكەوین" كاتژمێر 03:30 خولەكی پاش نیوەڕۆ مەراسیمێک بەهۆی یەکی ئایار جەژنی کرێکارانەوە بەخولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد.

پاشان لێدوانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان، لەلایەن پارێزەر عەلی باران خوێندرایەوەو جەژنی تێكۆشانی كرێكارانی لە هەموو كرێكارانی جیهان‌ و بەتایبەتی كوردستان پیرۆزكردوو بانگی تێكۆشانی هاوبەشی لە دژی شەر‌و داگیركاری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە هەموو رەنجدەرانی جیهان کرد و وتی: پیرۆزبایی لەتەواوی کرێکاران و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین کە بەڕەنج‌ و تێكۆشانی گەلی كورد‌ی گەیاندە سەركەوتن.

هەروەها ڕێكخراوی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان-ڕژاک، لە لایەن ژیان هەولێریەوە خوێندرایەوە ‌و تێیدا پیرۆزبایی لە ژنانی كرێكار و ڕەنجدەر كرا.

هەروەها پەیامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لەلایەن نیلۆفەر کۆچ هاوسەرۆکی کەنەکەوە خوێندرایەوە و جەژنی كرێكاران‌ و دایكی كرێكارانی شەهیدی پیرۆزكردو وتی: بۆ ئەوەی شەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕاوەستێت، بۆ ئەوەی كۆمەڵكوژییەكان‌ و كوشتنی ژنان ڕاوەستن، دەڵێین با هەموو كوردان دەستی یەك بگرن، چونكە ئەگەر بەهەشتەكەمان كە نیشتیمانەكەمانە ئازاد بكەین‌ و ئاشتی تێدا بەرقەرار بكەین، ئەوا دەتوانین ببینە پێشەنگی ئازادی بۆ مرۆڤایەتی، بۆیە ئەو شۆڕشەی ئێستا لە كوردستان بەرپا دەبێت شۆڕشی گەلانی جیهانە.

هاوسەرۆکی کەنەکە وتیشی: "ئەگەر گەلی كورد یەكبگرن ئەوا دەتوانین لە بەرامبەر هەموو گەلەكۆمەو پرۆژەكانی هێزە داگیركەرەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تێكۆشان بكەین‌ و سەربكەوین، تەنها بەم جۆرە دەتوانین لە سەدەمین ساڵوەگەری سایكس بیكۆدا ئەو پەیمانە تێكبدەین‌ و بە خاوەندەركەوتن لە ڕۆژئاوای كوردستان كە بۆتە مۆدێلی دیموكراتی بۆ گەلانی دونیا‌، بەیەك دەنگی كوردان دەتوانین ببینە هێزی سەركەوتنی شۆڕشی ئێستای باكور‌و هێزی دەسبەركردنی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا.

جێگای باسە، ڕێكخەرانی مەراسیمەكە ڕایانگەیاند: دەبوایە لێدوانی پەیەدە، لە لایەن غەریب حەسۆ وە پێشكەش بکرایە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی پارتیەوە ڕ‌ێگریی لێکراوە بێتە ناو شاری هەولێرەوە، هەربۆیە لەڕێگەی بروسکەیەکەوە پیرۆزبایی بۆ کرێکاران ناردووە.

لە مەراسیمەكەدا گروپی زاگرۆس، گروپی مشتەنور ‌و هونەرمەند محەممەد یاسین بەرهەمەکانیان پێشکەش بەکرێکاران و ئامادەبوان کرد.
(ش ب)