"رەنج بە تێکۆشان دەبینرێت"

09:29


سۆرگول شێخۆ/ژنها

تل تەمەر- ژنان لە شارۆچکەی تل تەمەر جەژنی کرێکارانیان لەسەرجەم کرێکارانی جیهان و ژنانی ڕەنجدەر پیرۆز کرد و باسیان لە ڕۆڵی ژنانی ڕەنجدەر کرد لە ڕۆژئاوای وڵات.

ڕۆژی کرێکاران لەلایەن کەسانی ڕەنجدەر بایەخی زیاتری هەیە، لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو ڕۆژە بە جۆشێکی مەزنەوە پێشوازی لێکرا، جارێکیتر رەنجدەران بە ڕەنجی خۆیان پێناسەی ئەو ڕۆژەیان کردەوە، ژنانی تل تەمەر دەڵێن: ژنان خاوەنی گەورەترین ڕەنجن.

"دەسەڵاتداری نکۆڵی لە ڕەنجی ژنان دەکات"

فەزیلە بەشار، سەرەتا ئەو ڕۆژەی لە هەموو کرێکاران پیرۆز کرد و وتی: "ژنان خاوەن ڕەنجی زۆرن، بەلام دەسەڵاتداری هەمیشە هەوڵی داوە لە بەرهەمەکانمان کەم بکاتەوە و بەنەبوو پیشانیان بدات. ئێمەی ژنان لەدەرەوە و لە ناو ماڵ ئەرک جێبەجێ دەکەین، ئەو کارەی ژنان دەیکەن هەمیشە ئەنجامی باشی هەیە، چونکە ئێمە هەوڵ دەدەین لە کارەکانماندا ئافرێنەر بین."

"کرێکاری ڕاستەقینە ژنانن"

فەریدە ئەمین لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "زۆر بەداخەوە، ژنان لە هەر شوێنێک ڕەنجیان هەیە، بەردەوام کار دەکەن، بەڵام هەمیشە ئەو کارەی ژنان دەیکەن کەم بینراوە یان بچوک کراوەتەوە، دەبێت هەر کەس ڕۆڵی ژنان ببینێت، چونکە کرێکاری ڕاستەقینە ژنانن، هیودارم ئێمەی ژنانی کورد بە تێکۆشانی خۆمان بتوانین خاوەنداری لە ڕەنجی خۆمان بکەین."

هەروەها خەدیجە ئاسیم، ژنێکیتری ئەو شارۆچکەیەیە وتی: "پێویستە سەرەتا ژن ڕەنجی خۆی ببینێت، بۆ ئەو ڕەنجە هەمیشەیی بکات دەبێت تێبکۆشێت. دەبێت خاوەنداری لە مافەکانمان بکەین، ئەرکێکی زۆرمان لە ئەستۆدایە، کێشەکانی سەدان ساڵ لەم کۆمەڵگەیە بەدەستی ژنان چارەسەر دەکرێن."
(ش ب)