ژنانی شەنگال: پارتی ڕێگە نادات دەرمان و خۆراکمان پێبگات

11:52

ئارژین ئازادی/ژنها

شەنگال- بۆ هۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستی تەندروستی نەخۆشی لەناو هاوڵاتیانی چیای شەنگال زیادی کردوە، ئەو ژنانەی بۆ خۆپاراستن ڕوویان کردە چیای شەنگال و ئێستاش لەوێ دەمێننەوە ڕایانگەیاند کە پارتی ڕێگە نادات دەرمان و خۆراکیان پێبگات.

ئاسایشی پارتی دیمورکراتی کوردستان، ڕێگەنادات هیچ جۆرە پێداویستیەک وەک؛ خۆراک، دەرمان و جەبلخانە بگاتە چیای شەنگال و بەو هۆیەوە هاوڵاتیان ڕووبەڕووی زەحمەتی ژیان دەبنەوە، لەو بارەیەوە "خیتما حەسەن" یاریدەدەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی شەهید زنار لە چیای شەنگال بە "ژنها"یان ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی نەخۆشیەکان ڕوویان لە زیاد بوون کردووە.

خیتما حەسەن، لەوبارەیەوە وتی: "ئێمە خۆشحاڵین بەوەی خزمەتی نەتەوەیی خۆمان دەکەین، بۆ ئەمەش هەرچیمان لەدەست بێت درێخی ناکەین، کارێکی مرۆییە و ویژدانیە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە نەخۆشی ڕوویان لە زیادبوون کردوە و ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن، زۆربەی نەخۆشیەکانیش بە هۆی نەبوونی دەرمان و خۆرکی پێویستن، بۆ نمونە نەخۆشی "تیفۆ" زۆر زیاد بووە."

خیتما لە بەردەوامی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایشی پارتی ڕێگە نادات هیچ جۆرە خۆراک و دەرمانێک بگاتە چیای شەنگال و جەختی کردوە: "ئاسایشی پارتی نەک تەنها دەرمان بەڵکو خۆراکی دەمی منداڵانی چیای شەنگال دەگەڕێنێتەوە و ڕێگە نادات شتیێک بە سنوری ئەوان تێپەڕێت."

خیتما حەسەن، لە کۆتایشدا ئەو هەڵوێستەی پارتی شەرمەزار کرد و بانگەوازی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە دەنگیان دەبیسن و دەیانەوێت کارێکی مرۆیی بکەن، هاوکاریان بکەن و دەرمان و پێداویستی پزیشکیان بۆبنێرن."

هەروەها دایکێک بەناوی مەلسا دەخیل، ناڕەزای خۆی پیشاندا بەرامبەر بەو هەوڵوێستەی پارتی و وتی: "پێویستیمان بەدەرمانی باش هەیە، ئەوە ماوەی دوو ساڵە توشی پشت ئێشە بوومە، تا ئێستا نەمتوانیوە چارەسەری بۆ بکەم چونکە دەرمانی باشمان بۆ نایە، چوار منداڵم هەیە ناتوانم چێشتێکیان بۆ ئامادەکەم، ئاسایشی پارتی شەرمەزار دەکەم ئەوەی ئەوان دەیکەن نەک هیچ پەیوەندی بە کورد بوونەوە نیە بەڵکو نامرۆڤانەیە."

دایە مەلسا باسی لەو کرد کە لە نەخۆشخانەی شەهید زنار، بە گوێرەی توانای خۆیان هاوکاری دەکەن، داواشی کرد هەرچی زووە ئابڵۆقەی سەریان هەڵبگیرێت.

(ش ب)