سلێمانی؛ ژنێکی ٥٠ ساڵان لە ناو پارکدا دەژیت
14:35
ژنها
ناوەندی هەواڵ- بەهۆی قەیرانی دارایی خوشکی شەهیدێک لە شاری هەولێر لە خانووەکەی دەردەکرێت و لە پارکێکی شاری سلێمانی دەمێنێتەوە و نەحکومەت و نەهیچ رێکخراو و لایەنێک ئاوڕی لێناداتەوە.
ئامینە عەلی قادر تەمەن 50 ساڵ هاوڵاتیەکی پارێزگای هەولێرە و ساڵی پار بەهۆی نەخۆشیەوە هاوسەرەکەی گیانی لەدەستداوە و ئامینەی بە تەنها جێهێشتوە، ئێستاش ئەو بەتەنها دەژی بەهۆی ئەوەی براکەی شەهیدی یەکێتیە رووی لە سلێمانی کردووە و لەپارکێکی شاری سلێمانی نزیک مزگەوتی گەورە ژیان بەسەردەبات، بێ کەسی پورە ئامینە و بێ مروەتی رۆژگار ئەوی بە شاری سلێمانی و بە خەڵکی سلێمانی ئاشنا کردوە.
ئامینە دەڵێت: چوار هەفتەیە لە ناو ئەم باخەدا دەمێنمەوە، لە خانووی کرێدابووم بە هۆی قەیرانەوە پارەی پێنج مانگ کرێم نەدابوو بۆیە خاوەن خانوو داوای لێکردم کە خانوەکەی بۆ چۆڵ بکەم، بۆیە منیش ناچار رووم لە سێمانی کرد و ئێستا لێرە دەمێنمەوە. رۆژانە لێرە دادەنیشم و خەڵک سەردانم دەکەن کە بەتەنها دەبم بیر دەکەمەوە و دڵم پڕ گریان دەبێت دەڵێم من و ئێرەیان وتوە؟ جاران خانەوادەم هەبوو بەڵام ئێستا بێکەسم".
ئامینە عەلی دەڵێت: یەک زڕبرام هەیە، بەڵام بە من چی لە دایکی راستی خۆم نیە و ئاوڕی لێنەداومەتەوە، بەڵام زۆر ڕازیم لە خەڵکی سلێمانی و ئەو کەسانەی لێرەن زۆر کەسی باشن و هاوکارم بوون، لەو کاتەوەی لێرەم خواردنێکم نەکڕیووە و نەیانهێشتووە کەموکوڕیم هەبێت.
ئامینە یەک برای دەبێت ئەویش لە ساڵی 1991 شەهید بووە، هاوکات دەڵێت: "نەدەبوو کەمن کەسم شەهیدە ئاوا لێرەدا بکەوتمایە، من شەوانیش هەر لێرە دەمێنمەوە و ناترسم ئاسایشی لێیە و زۆر باش ماماڵەم لەگەڵ دەکەن بۆیە ژیانم پارێزراوە، کە باران دەبارێت شتومەکەکانم و خۆشم بەو نایلۆنە شینە دەپارێزم لە تەڕ بوون".
ئامینەی بێکەس باسی لەوەشکرد کە سەردانی خانەی بەساڵاچوانم کرد، بەڵام وتیان تەمەنت بچوکە و کەسێکی ساغیت وەرتناگرین، چونکە خانەی بەساڵاچوان کەسی پەککەوتە و ئەو کەسانە وەردەگرێت کە لە دەست و قاچی خۆیان کەوتوون، هەربۆیە منیان وەرنەگرت و منیش بە ناچاری ماڵەکەمم هێنا و لێرە لەم باخەدا دامنا.
ئامینە عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە حکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد و وتی:" داوادەکەم بەس جێگایەکم بدەنێ کە ئیسراحەتێکی تێدابکەم و خەڵک سەردانم بکات و بەدڵخۆشی بەڕێی بکەم، هەر ئەوەندەم دەوێت هیچی ترم ناوێت، یان ئەگەر یارمەتیم بدەن پاسپۆرتەکەم فیزەی لێبەن تابڕۆم بۆ ئێران ئەچم بۆ ماڵی خاڵم و لەوێ دەژیم".
(ش ب)