ئەو ژنەی بە ڕەنج و تێکۆشان پارێزگاری لە کەلتوری ڕەسەنی دەکات
09:16
زاهیدە ئەحمەد/ ژنها
کۆبانێ- فاتمە عەتۆ ئەو ژنەیە لە بەرامبەر سیاسەتی تواندنەوەی کەلتوری تێدەکۆشێت و بە بەرهەمی سروشتی پێویستیەکانی ژیانی خۆی دابین دەکات.
زۆرن ئەو ژنانەی کە بەدرێژایی مێژوو توانیویانە خاوەنداری لە کەلەپور و میراسی ڕەسەنی خۆیان بکەن و لەبەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتداری کە هەمیشە گەلانی بەڕێکاری جۆربەجۆردا بردوە خۆیان پاراستوە. فاتمە عەتۆ ٦٣ ساڵان بە گرنگی دان بە بەرهەمە سروشتیەکان دەیەوێت هەم خاوەنداری لە کەلتوری رەسەنی ناوچەکەی بکات، هەمیش بەبەرهەمەکانی لە مەڕوماڵات بەدەستیان دەخات لەڕووی ئابوریەوە پێشەنگی دەکات لە بونیادنانەوەی کۆبانێ.
فاتمە لە تەمەنی ١٣ ساڵ بە هۆی دابونەریت کۆنەپەرستی ژن بەژنی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە زۆر بەپیاوێکی کەم ئەندام بەشوو دەدرێت، بۆیە فاتمە ئەرکی بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆ دەگرێت.
سەرەتا بە ڕستن و چنین، کشتوکاڵی و ئێستاش بە بەخێوکردنی مەڕوماڵاتەوە خەریکە.
فاتمە باس لەوە دەکات کە منداڵەکانی بە زۆر و زەحمەتی پێگەیاندووە و ڕەنجی زۆری داوە، بۆیە کاتێک چەتەکان هێرشیان کردە سەر کۆبانێ خۆی هاوژینەکەی ماڵی خۆیان تەرک ناکەن و دەڵێت: مرۆڤ ناتوانێت لەناکاو دەستبەرداری ئەو شوێنە ببێت کە تەمەنی خۆی لێ بەسەر بردوە.
فاتمە عەتۆ دەڵێت: بە دەستی خۆم پەنیر و ماست دروست دەکەم، چاوم لە دەستی کەس نیە، هەم بژێوی خۆمان دابین دەکەین هەم ئەوەش فێری رۆڵەکانمان دەکەین کە ئێمە خاوەن چ کەلتور و ژیانێکین و ڕاستی ئێمە چیە؟.
(ش ب)