لە بەرامبەر پێنج هەزار مامۆستای کورد دەست بە لێپرسینەوە کرا

10:53

ژنها

ئامەد- لە شاری ئامەد ٥ هەزار مامۆستای کورد بەبەهانەی ئەوەی ڕۆژێک دەوامیان بایکۆت کردوە،ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بوونەوە.

بەبەهانەی ئەوەی لە(٢٩-١٢-٢٠١٥) مامۆستایانی شاری ئامەد چالاکی بایکۆتیان ئەنجامداوە وەزیری پەروەردەی میلی تورکیا بڕیاریدا کە پێنج هەزار مامۆستا بانگێهێشتی دادگا بکرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت. لەوبارەیەوە حەوا کاراهانجی هاوسەرۆکی لقی کۆمەڵە پەروەردەی (ئەیتیم سەن) لە شاری ئامەد ڕایگەیاند: "لێپرسیەنەوە لە تێکۆشانمان کەم ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە لەبەرامبەر ئەو بڕیارە بە هێز دەوەستنەوە."

حەوا وتی: "لە ١٤ مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ دا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ، بۆ یەک ڕۆژ چالاکی بایکۆتی دەواوممان ڕاگەیاند، هەروەها لە هۆڵەکانی خوێندندا کاتژمێرێک وانەوتنەوەمان وەستاند، بۆیە دەوڵەت لەبەرامبەر ٥ هەزار مامۆستا دەستی لێپرسیەنەوە کردوە، تەنها بەوەش ناوەستن بەڵکو بێڕێزیش بە مامۆستاکان دەکەن."

حەوا کاراهانجی وتیشی: "لە شاری ئامەد ١٠ هەزار ئەنداممان هەیە، بە لێپرسینەوە و دادگایی کردنمان ناتوانن لە تێکۆشان بمانوەستێنن، تێکۆشانی ئێمە لەپێناو ماف، دادپەروەری و ئازادیە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و بە هەڵوێستێکی بە هێز لەبەرامبەر لێپرسیەنەوەکان دەوەستینەوە."

(ش ب)