ژنێکی ٨٠ ساڵان فێری زمانی کوردی دەبێت

09:14

فیدان ڕێزان/ ژنها

عەفرین- زەلیخە ڕەشید تەمەن ٨٠ ساڵ بێ ئەوەی هیچ ئاستەنگیەکی تەمەن لەبەردەم خۆیدا ببینێ، فێری خوێندن و نوسینی زمانی کوردی دەبێت.

سەرەڕای هەموو هێرش و گەمارۆی هێزە دەسەڵاتدار و داگیرکەرەکان بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، هاوڵاتیان بەردەوامن لە تێکۆشان و بونیاندنانی سیستەمی دیموکراتی و پێکەوە ژیان، بەتایبەتیش گرنگی زۆر دەدرێت بە پەروەردەو خوێندنی زمانی زگماکی.

زەلیخە ڕەشيد تەمەن ٨٠ ساڵ، دایکی حەوت منداڵ، خەڵکی گوندی "ئەمانا" ی سەر بە شارۆچکەی "ڕەجۆ"ی کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، زەلوخە دەڵێت: دەبێت هەموو ژنان خۆیان فێری خوێندن و نوسین بە زمانی دایک بکەن، چونکە دوژمنان هەمیشە هێرشیان کردۆتە سەر کەلتور و زمانی گەلی کورد، بۆیە دەبێت بەر لە هەموو کەسێک ژنان خاوەنداری گەڕانەوەی زمان و کەلتور ڕەسەنی کوردی بکەن.

زەلیخە باسی لەوە کرد کە سەرەتا کەس باوەڕی نەکردەوە کە فێری خوێندەواری ببێت و هەروەها وتی: "لە کاتی ڕژێمی بەعسدا نەماندەتوانی بە زمانی خۆما بخوێنین، بەڵام دوای شۆڕشی ئازادی ڕۆژئاوا دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە سەر لەنوێ دەست پێبکەینەوە."

زەلیخە سەرنجی ڕاکێشایە سەر تەمەنی خۆی و وتیشی: "زۆر پێمخۆش بوو فێری خوێنەوە و نوسین بە زمانی کوردی ببم، بۆیە هەمیشە لەخەیاڵم دابوو، ئێستاش ئەو خەونەم بەدیهات و فێری خوێندن و نوسین بووم، نامەوێت تەنها بەوە بوەستم، بەڵکو دەمەوێت کتێبێکی شیعر بە کوردی بنوسم چونکە زۆر حەزم لە بابەتی ئەدەبیە وەک شیعر و چیرۆک و پەخشان."

زەلیخە لەکۆتاییشدا باسی لەوەکرد کە مرۆڤێک زمانی خۆی نەبێت و بە کەلتوری ڕەسەنی خۆی نەژیت وەک ئەوە وایە کە جەستەیەکی بێ گیانی هەبێت وتیشی: "گەلێک بەبێ زمان وەک جەستەیەکی بێ ڕۆحە."
(ش ب)