مەنال محەمەد: ئامانجی پارتی کۆچبەرکردنی گەلە
09:16
سۆرگول شێخۆ/ ژنها
تل تەمەر- ئەندامێکی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتی(PYD) لە شارۆچکەی تل تەمەر ڕادەگەیەنێت: ئامانج لە داخستنی دەروازەی سێمالکا کۆچبەرکردنی هاوڵاتیان و لاواز کردنی شۆڕشە.
مەنال محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتی(PYD) لە شارۆچکەی تل تەمەر، سەبارەت بە بەردەوامی گەمارۆی ئابوری سەر ڕۆژئاوا و داخستنی دەروازەی سێمالکا لەلایەن کاربەدەستانی پارتیەوە، بۆ ژنها دوا.
مەنال محەمەد وتی: "بڕیاری داخستنی دەروازەی سێمالکا بە بریارێکی سیاسی و پلان بۆ داڕێژراو دەبینین، ئامانجی سەرەکیان ئەوەیە گەل بە برسیکردن دووچاری کۆچبەری بکەن، لەو ڕۆژەی ئیرادەی ڕۆژئاوای کوردستان سیستەمی فیدرالی راگەیاند، پارتی ڕێگەی نەداوە هیچ شتێک بگاتە ڕۆژئاوای کوردستان، پارتی دەیەوێت گەلی کورد، دوچاری دەربەدەری و نەهامەتی ژیان بکات بۆ ئەوەی گەل لە داهاتودا بەشداری هەڵبژرادنەکانی پەسندکردنی سیستەمی فیدرال دیموکرات نەبێت، بەڵام ئەم جۆرە سیاسەتانە لە ڕۆژئاوا هیچ کاتێک ئەنجامیان نەبووە و نابێت، ئەوەی ئێمە پێی نیگەرانین ویژدانی پارتی بۆ کوردان ناکەوێتە جوڵە."
مەنال محەمەد سەبارەت بە پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و حکومەتی AKP ڕایگەیاند: "پەیوەندیەکانی پارتی و حکومەتی AKP ڕێککەوتنن لە سەر ڕۆژئاوا و چەند خاڵێکیتر، دەیانەوێت بە هەموو جیهان ڕابگەیەنن کە سیستەمی ڕۆژئاوای کوردستان، ناتوانێت بەو شێوەیە بەڕێوەببرێت و دەستتێوەردان بۆ خۆیان ڕەوا بکەن، بەڵام ئەوان هەرگیز ناتوانن بەو جۆرە سیاسەتە لە بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان بگەنە ئامانجەکانیان. بە ڕەنجی گەل، بە تێکۆشان و خوێنی گەل سیستەمی ڕۆژئاوا سەردەکەوێت."
(ش ب)