کۆمەڵەیەکی ژنان لە چیای شەنگال دەکرێتەوە

13:59


هەولێر شاهین/ ژنها

شەنگال- ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال خۆیان بەڕێکخستن دەکەن و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی کۆمەڵەیەکی ژنان دەکەن بەناوی "وەقفی ژنانی ئێزیدی".

زەهرا سلێمان ئەندامی بەڕێوەبەری ئەو کۆمەڵەیە و ڕایدەگەیەنێت، ئەوان لە زۆر ڕووەوە خۆیان بە ڕێکخستن کردوە بەڵام ئەوەش بەش ناکات و دەیانەوێت لە ژێر ناوی کۆمەڵەیەک زیاتر ڕێکخستنی خۆیان بەرفراوان بکەن و پەرە بە تێکۆشان بدەن.

زەهرا سلێمان وتی: "ئامادەکاری بۆ کردنەوەی کۆمەڵەی ژنان دەکەین و ئامادەکاریەکان بەرەو تەواو بوونن." ناوبراو لە سەر گرنگی ئەو کۆمەڵەیەش ڕایگەیاند : "ئێمەی ژنان بە هەزاران ساڵە لەسەر ئەم جوگرافیایە دەژین، بە ڕەنج و ماندووبونی زۆر بەردەوامیمان بە ژیان داوە. ڕووبەڕووی کۆمەڵكوژی، هێرشی دڕندانەو سیاسەتی نکۆڵی و لە نێوبردن بووینەتەوە، هەموو ئەو هێرشانەش بە هۆی نەبوونی هێزێکی ڕێکخستوو لەناو کۆمەڵگەدا و بەتایبەتیش لە ناو ژناندا هاتوونەتە ئاراوە، ئەگەر کۆمەڵگەیەک خاوەن هێزێکی رێکخستوو نەبێت هەمیشە ڕووبەڕووی هێرشێ کوشندە دەبێتەوە، ئەگەری لە ناوچوونی هەیە. بۆیە ئێمە بەتایبەت گرنگی بە ڕێکخستنی ژنان دەدەین لە هەموو بوارێکەوە و دەمانەوێت ژنان خۆیان پێشبخەن تاکو لەهەمان کاتدا لە کۆتو بەندە نەریتیەکانی کۆمەڵگەش ڕزگارمان ببێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرنامەی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی لەو کۆمەڵەیەدا ئەنجامی بدەن، بەڵام ئامانجی سەرەکیان پەروەردەکردنی و خزمەتکردنی ژنانە.

زەهرا سلێمان، لە کۆتایشدا جەختی کردەوە: "دەمانەوێت ئەو کۆمەڵەیە سەنتەرێک بۆت بۆ ئەوەی ژنان خەباتی خۆیان لێ ئەنجام بدەن، هەروەها بە پێشخستنی پڕۆژەی کار و خەبات لە ڕووی ئابووریشەوە کار بۆ ژنان دەکەین، لەماوەیەک کورتدا کۆمەڵەکەمان دەست بە کاروخەباتەکانی دەکات."
(ش ب)