سەدا ٨٠ توشبونی نەخۆشی 'ڕەبۆ' بە هۆی هەژاریەوەیە

14:15

ژنها

ناوەندی هەواڵ- به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌ نوێكانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO)، 334 كه‌س هه‌ن له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا كه‌ گیرۆده‌ی نه‌خۆشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی درێژخایه‌ن (ره‌بۆ)ن.

به‌گشتی ئه‌م نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌ سه‌ره‌تاكانی له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و دواتر به‌درێژایی ژیانی له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ی ره‌بۆ كه‌ پێیده‌وترێت هه‌ستیاری، ره‌نگه له ‌ته‌مه‌نی گه‌وره‌ییدا ده‌ربكه‌وێت و به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕیش له‌لای ئه‌وانه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ر هه‌ڵمژینی نێگه‌تیڤی دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ یان له‌و شوێنانه‌ی به‌ده‌ست پیسبوونی ژینگه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، كتوپڕ سه‌رهه‌ڵبدات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5-5 جیهان به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ره‌بۆوه‌ ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت و تێیدا هۆشداری ئه‌وه‌ ده‌درێت كه‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ته‌نها كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی گشتی ئه‌و وڵاتانه‌ نییه‌ كه‌ داهاتیان به‌رزه‌، به‌ڵكو به‌چاوپۆشین له‌ئاستی گه‌شه‌پێدان، له‌سه‌رجه‌م وڵاتاندا هه‌یه‌.

زیاتر له‌ 80 له‌سه‌دی مردنه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ره‌بۆ، له‌و وڵاتانه‌دا رووده‌دات كه‌ داهاتیان نزم یان مامناوه‌نده‌.

له‌كاتی تووشبوون به‌ ره‌بۆدا كه‌ دیارترین نیشانه‌ی دروستبوونی كێشه‌یه‌ له‌ هه‌ناسه‌دان و سیخه‌سیخی سه‌رسه‌نگ‌، دیوی ناوه‌وه‌ی بۆری و مولوله‌كانی هه‌ناسه‌ ده‌ئاوسێن و ئه‌مه‌ش ته‌سکبوونه‌وه‌ی رێڕه‌وه‌كانی هه‌ناسه‌دانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و كۆسپ له‌به‌رده‌م هاتوچۆی هه‌وا بۆ ناو هه‌ردوو سی و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه،‌ دروستده‌كات.

زۆرجار نیشانه‌ دووباره‌بووه‌كانی ره‌بۆ، ده‌بنه‌هۆی خه‌وزڕاندن و ماندووبوون له‌ڕۆژداو دابه‌زینی ئاستی چالاكی و نه‌چوونه‌وه‌ بۆ خوێندنگه‌و سه‌ركاری لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

لێكۆڵه‌رانی زانكۆی ته‌لئه‌بیبیش ده‌ڵێن، په‌یوه‌ندی له‌نێوان كه‌می ڤیتامین دی له‌له‌ش و ره‌بۆدا هه‌یه‌و دابه‌زینی ئه‌و ڤیتامینه‌ مه‌ترسی روودانی لێدانه‌كانی ره‌بۆ به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 25 به‌رزده‌كاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا‌ش، ئه‌گه‌ر ژنی دووگیان رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی 10 خوله‌ك خۆی بداته‌ به‌رده‌م خۆر، ئه‌وا ئه‌گه‌ری له‌دایكبوونی منداڵێكی تووشبوو به‌ ره‌بۆ، كه‌مده‌كات.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ماڵپه‌ڕی هێڵس سایت بڵاویكرده‌وه‌، ته‌نها له‌كۆماری هندستان كه‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین وڵاتی جیهانه‌ له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتووانه‌وه‌، 30 ملیۆن تووشبووی ره‌بۆ هه‌ن كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی له‌سه‌دا 10ی هه‌موو تووشبووانی سه‌رتاسه‌ری جیهان.

(ش ب)