کەمپینی ' نا بۆ کودەتا' ڕاگەیاندرا

17:05

ژنها

ئەنقەرە - هاوسه‌رۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، ڕایگەیاند کە دەست بە کەمپینی "نا بۆ كوده‌تا" دەکەن و ئەو کەمپینەش سەرتاسەری تورکیا دەگرێتەوە.

دوای کۆبونەوەیەک لە شاری ئەنقەرە، له‌سه‌ر داوای كۆنگره‌ی دیموكراتی گه‌لان‌و كۆنگره‌ی كومه‌ڵگای دیموكراتی‌و به‌ به‌شداری ٢٥٢ رێكخراو و ده‌زگای مه‌ده‌نی، بە واژۆ کردنی بەیاننامەیەک، ‌كه‌مپینی "نا بۆ كوده‌تای ئاکەپە" راگه‌یه‌ندرا.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسه‌رۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كە له‌دژی ئه‌و كوده‌تایه‌ی به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان كراوه‌، كه‌مپینی "نا بۆ کودەتا" له‌سه‌رتاسه‌ری توركیا ده‌ستپێده‌كه‌ن‌و ئه‌و كه‌مپینه‌ش بۆ دواڕۆژی توركیا خێری ده‌بێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش وتی: "هەرکەس دەزانێت هەر هەنگاوێک لەو وڵاتە هەنگاوی کودەتایە، هێرشەکانی سەر "هەدەپە" و "دەبەپە"ش لەو چوارچێوەیە بەڕێوە دەچن، بۆیە ئێمە وەک ٢٥٢پارت، رێكخراو و ده‌زگای مه‌ده‌نی، هاوڕاین لەسەر ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنی ٧ ی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوەوە، هێزی کودەتا لەسەر کارە."

هاوسه‌رۆكی گشتی "هه‌ده‌په"‌ باسی له‌وه‌شكرد، حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی توركیا له‌و دۆخه‌دانین كه‌ به‌ ئیراده‌ی خۆیان بڕیاربده‌ن‌و سه‌رۆك كۆمار به‌ته‌نها بڕیاری ئه‌وه‌ده‌دات كێ ببێت به‌ وه‌زیر یان سه‌رۆكی گشتی "ئاكه‌په‌"و خۆی ئه‌ندامانی دادگای گشتی دیاریده‌كات ‌و وتی: "ته‌نانه‌ت كام نووسه‌ر ده‌بێت له‌ كام رۆژنامه‌دا كاربكات ئه‌ردۆغان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، ئه‌مه‌ش كوده‌تایه‌".

ده‌میرتاش به‌هه‌مانشێوه‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌ردۆغانیشی بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی سه‌ر په‌رله‌مانتاران "بەشێوه‌یه‌ك له‌ كوده‌تا" ناوبرد.

(ش ب)