ژنانی قامیشلۆ: بە ڕەنجی خۆمان پشت بە ئابوری خۆماڵی دەبەستین

09:26


لیلاڤ چۆلی-ژیندا ئازاد/ژنها

قامیشلۆ- لە ژێر دروشمی "ئاو، خاک و وزە دەکەین بە سەرچاوەی ئابوری کۆمینال" ژنانی شاری قامیشلۆ دەستیان بە خەباتی کشتوکاڵ و بونیادنانی ئابوری کۆمینال کردوە.

کۆمینەکانی ئابوری لە ناو سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لە شاری قامیشلۆدا لە ژێر دروشمی "ئاو، خاک و وزە دەکەینە سەرچاوەی ئابوریەکی کۆمینال" چەندین پڕۆژەی ئابوری لەو شارە پێشخستوە، هەروەها ئێستاش دەستیان کردوە بە خەباتی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی کە لەو دەڤەرە، کە وەک سەرچاوەی سەرەکی ئابوری دادەنرێت.

ئەو ژنانەی کە ئەندامن لە کۆمینەکانی ئابوری، ڕایانگەیاند کە ئەوان دەیانەوێت کار بکەن بۆ ئایندەیەکی گەش لە ڕۆژئاوا و پشبەستن بە ئابوریەکی خۆماڵی.

قەسیدە حاجی، ئەندامی کۆمینی ئابوری شەهید هۆگر،53 لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە پێنج کۆمینی ئابوری خۆسەر بەیەکەوە دەستیان بەو خەباتە کردوە، قەسیدە وتی: "بە جۆشێکی زۆر کاری کشتوکاڵ و دەکەین، خەباتەکەشمان بریتیە لە ڕواندنی بیبەر، تەماتە، باینجان. ئێمەی ژنان دەمانەوێت ئابوری خۆمان بە ڕەنج دەستخەین."

قەسیدە ئاماژەشی بەوە کرد کە خاکێکی بە پیت و زۆریان هەیە و چاویان لە دەستی دەوڵەتانی دەرەوە نیە، ناوبراو وتیشی: "دەبێت هەر کۆمەڵگەیەک بتونێت خۆی ئابوری خۆی دابین بکات."

هەروەها تارفا حاجی ئەندامی کۆمینی ئابوری شەهید هۆگر، سەرنجی ڕاکێشایە سەر گەمارۆی ئابوری و سەربازی و کاریگەریەکانی تارفا وتی: "هەرچەند ئێمە لە ژێر گەمارۆشدا بین، بەڵام بێچارە و دەستە وەستان ناوەستین. هەوڵ و خەباتمان بۆ ئەوەیە هەرچیەکمان لەدەست بێت هاوبەشی بکەین و هەموومان سودی لێوەرگرین."

تارفا جەختی کردەوە: " دەروازە سنوریەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن پارتی و حکومەتی "ئاکەپە"داخراون، بۆیە دەمانەوێت پشت بە ئابوری خۆماڵی ببەستین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دووچاری کۆچبەری نەبن."
(ش ب)