کۆنگرەی ژنانی سوریای ئازاد بە دەستپێشخەری ژنانی کورد بەڕێوەدەچێت
12:14
ژنها
ناوەندی هەواڵ- دەستەی ژنانی سوریای ئازاد بە هۆی داخوازی زۆری بەشداربوونی ژنانی سوری، کۆنگرەکەیان دواخست، هەروەها کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەکە ڕادەگەیەنێت ئەگەر ژنانی سوریا بتوانن ئامادەکاریەکانی بەشداربوونیان تەواوکەن ئەوا لەو مانگەدا کۆنگرەکەیان ئەنجام دەدەن.
لە ٥ی مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە ژێر دروشمی " ژنی ئازاد زامنی سوریای دیموکراتیە" بەبەشداری٢٧ ژن لە سەرجەم پێکهاتەکانی ڕۆژئاواو سوریا کۆنفرانسی ژنانی سوریا لە شاری دێرک لە ڕۆژئاوای کوردستان سازکرا.
لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرابوو کە لە نێوان سێ مانگدا کۆنگرەی ژنانی سوریای ئازاد ببەسترێت، لەو نێوەدەدا ئامادەکاری کۆنگرە کە بکرێت، پەیوەندی پێشبخرێت لەگەڵ ژنان لەناوە و دەرەوەی سوریا، هەروەها کۆمیتەیەکی یاسایی ئامادەبکرێت بۆ ئەوەی ڕەشنوسێک بۆ دەستوری نوێی سوریابنوسێتەوە.
بە گوێرەی کۆمیتەی ئامادەکاری دەستەی ژنانی سوریای ئازاد، بڕیار بووە لە سەرەتای ئەم مانگەدا کۆنگرەکەیان ببەستن، بەڵام هێشتا ئامادەکاری کۆنگرە کۆتایی نەهاتووە، بۆیە کۆنگرەکەیان دوخستوە بۆ کاتێکی نزیکی نادیار، چونکە ئەوان دەیانەوێت نوێنەرانی سەرجەم ژنانی سوریا ئامادەی کۆنگرەکە بن.
ئەندامێکی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەکەش بە ئاژانسی هاواری ڕاگەیاندوە: "ئەگەر هەموو ژنانی سوریا ئامادەی کۆنگرەکە ببن ئەوا دەوڵەمەندیەکی بیر و ڕا پێشدەکەوێت و ڕوانینی هاوبەشی ژنان دەبێتە هێزێکی چارەسەری."
هەروەها ڕایگەیاندوە ئەگەر ئامادەکاریەکان تەواو بکرێن ئەوا لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنگرکەیان ئەنجام دەدەن.
(ش ب)