ژنانی جۆلەمێرگ لەسەر جۆنی و دەستاڕ کۆدەبنەوە
11:23
زەینەب دورگوت/ ژنها
جۆلەمێرگ –ژنانی جۆلەمێرگ لەدەوری کۆنترین کەرستەی هاڕین و کوتانی دانەوێڵە کۆدەبنەوە و خواردنی دێرین و بەتامی ئەو هەرێمە سازدەکەن.
ژنانی شاری جۆلەمێرگ، بە بەردەوام بەکارهێنانی کەرستەی وەک جۆنی و دەستتاڕ کە مێژووێکی کۆنیان هەیە لە کوردستان، توانیویانە کەلەپوری ڕەسەنی هەرێمەکەیان بپارێزن. ئێستاش ژنان لەدەروی جۆنی و دەستتاڕ کۆدەبنەوە و خواردنی بەتام ئامادە دەکەن.
عادیلە کانات، یەکێک لەو ژنانەیە و وتی: "سەرەتا گەنمەکەمان دەشۆینەوە، دەیخەینە ناو جۆنیەکەو و باش دەیکوتین، پاشان بۆ چێشتی وەک؛ دۆینە، شۆربا، کەلەدۆش، سەلاتەی گەنم و چەندین خواردنی جۆراو جۆر.
عادیلە باس لە لەنێوچوونی کەرستەی وەک جۆنی و دەستتاڕ دەکات و وتیشی: من فێری ژیانی شار نابم، ژیانی گوند و جوتیاری خۆشترە، هەموو شتێکی خۆماڵی بەرهەم دێنین و بە تەندروستی و ئاو و هەوای پاک دەژین، لە شار هەموو شتێک بۆتە پارە، هەر شوێنێک بۆتە ئاسن و چیمەنتۆ، ژیان بۆتە پارە، ئەمڕۆش ئێمە ژنان لەیەکتری کۆبووینەتەوە و دەمانەوێێت، بەردەوامی بە کەلتوری دێرینی خۆمان بدەین."
جۆنی، كەرەستەیەكی كوردەوارییە و چەندەها ساڵە لەلایەن ژنانی كوردەوە و بۆ كاروباری رۆژانە بەكاردەهێنرێ و بە جۆرێك شێوەیەكی سەیر و جوانی هەیە، لە بەرد دروست دەكرێ و كە بەرد دەهێنرێ و بە ئاسن قوڵ دەكرێ بۆ ئەوەی وەك بۆشاییەك بێ و جێگەی شتی تێدا بكرێتەوە، دەستكەكەشی بەردە زوورگە و لە دەشت دەبینرێتەوە و دواتر خۆش دەكرێ، واتە لووس دەكرێ ئەمەش بە نووكە ئاسن و سمپارە، تاوەكو خڕ دەبێ و ئەو جۆرە بەردەش هەن كەشێوەیان وەك دەسك وایە، جۆنی بەكاردەهێنرێ بۆ گەنم ورد كردن، كە گەنم دەخرێتە ناو قوڵایی بەردەكە و دواتر بە دەسكەكە ورد دەكرێ و بەمەش دەكرێ بە ساوار یان لەناو خواردندا بەكاردەهێنرێ، وەك خواردنی گەنمە كوتا و یان گەنم دەهێنرێ و دەخرێتە ناوی و لێدەكرێ و دواتر بە دەستاڕ دەكرێت بە ساوار، ئەمەش دوای كوڵاندن. جۆنی لە بەردی چیایی دروست دەكرێ و زیاتر ئەو جۆرە بەردە لە دەشتەكانی كوردستان دەبینرێن، ئەمەش یەكێكە لە بیرۆكە جوانەكانی كورد كە سوودیان وەرگرتووە.
(ش ب)