رژاک، شیرین عەلەم هولی و لەیلا قاسم سمبۆلی خۆڕاگری ژنانی کوردن
09:51
ژنها
سلێمانی- ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رژاک) بۆ ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی دوو ژنە تێکۆشەری کورد شیرین عەلەم هولی و لەیلا قاسم لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان رژاک بۆ ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی دوو ژنە تێکۆشەری کورد شیرین عەلەم هولی کە لە بەرەبەیانی ٩ی گوڵانی ٢٠١٠دا لە زیندانی "ئەوین"ی شاری تاران لەگەڵ چوار تێکۆشەری تر لە سێدارەدران و بۆ ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم کە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٣ی گوڵانی ١٩٧٤ لە گەڵ چوار ھاوڕێکانی لە شاری بەغدا لەسێدارەدران، لێدوانێکی ڕاگەیاند و یادی ئەو شەهیدانەی بەرز ڕاگرت.
رێکخراوی ژنانی ئازاد، لێدوانەکەیدا ڕایدەگەیەنێت: "لە ساڵڕۆژی هەردوو ژنە شۆڕەشگیڕی گەلەکەمان شەهیدان شیرین عەلەم هولی و لە یلا قاسم و لەکەسایەتی هەردوو شەهید دا سە ری ڕێزو و نەوازش لە بە رامبەر شەهیداندا دەنوێنین ، ڕۆژانی ٩ و ١٣ مانگی گوڵان ڕۆژانی لە سێدارەدانی شیرین عەلەم هولی و لەیلا قاسم لەلایەن دوو ڕژێمی زۆر دڕندە و نامرۆڤانەن."
رژاک لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا ئاماژە بە تێکۆشانی ژنانی کورد دەکات لەبەرامبەر دوژمنانی گەلی کورد و هەروەها جەخت دەکاتەوە: "گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ڕووبەڕووی هێرش، کوشتن، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و...هتد بۆتەوە، ژنانی کوردیش بەردەوام توانیویانە لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی دوژمنان بوەستنەوە و ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن، ژنان توانیویانە بەردەوام لە تێکۆشاندا بن بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان و پاراستنی گەوهەری ڕاستەقینەی ژن کە پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد دەکات."
ڕێکخراوی ژنانی ئازاد دەڵێ: "ئەو دوو ژنە شۆڕشگێرە لەو ڕۆژەدا لاپەرەیەکی زێڕینیان لە مێژووی گەلی کوردو و ژنانی کورد تۆمار کرد ، ئێمە ئەمڕۆ وەک ژنانی کورد شانازی بە مێژووی تێکۆشەرانی خۆمان دەکەین، شەهید شیرین عەلەم هولی لە بەرامبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلام و لەیلا قاسم لەبەرامبەر رڕژێمی بەعسی ڕوخاو خۆڕاگری بێ وێنەیان پیشاندا. هاوکات لەگەڵ ئەو ژنە شۆڕشگێرانەدا هەشت شۆڕشگێریتریش لەسێدارە دران، ئەوانیش بوون بە سمبۆلی قارەمانی و درێژە پێدەری کاروانی شەهیدان، بەڵام ژنە تێکۆشەران بە چاونەترسی و بە ئیرادەبوون بوون ئەستێرەی تێکۆشانی ڕێگای ئازادی گەلی کورد."
رژاک، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕایدەگەیەنێت: "ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رژاک) هەریەک لە شەهیدانی مرۆڤایەتی شەهید لەیلا قاسم و شیرین عەلەم هولی وەک سەمبۆڵی خۆڕاگری ژنانی کورد دەبینین، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان لە سەر ڕێباز و هزری ئازادیخوزی ئەوان، هەروەها داوا لە گەلەکەمان و بەتایبەت ژنان دەکەین کە خاوەنداری لە ڕێبازیان بکەن لە بەرامبەر یادی پیرۆزیان بە چالاکی جۆراوجۆر هەڵوێستی خۆیان بنوێنن، بۆ کۆتاییهێنان بە لە سێدارەدان پەرە بە تێکۆشانی ئازادی بدەن لە ڕێگایی مرۆڤایەتی. ئێمە جارێکی تر لە هەموو لەسێدارەدانێک لە ئێران شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین."
(ش ب)