یەکەمین کۆنفرانسی 'ژنانی گەنج' لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت

11:08

ژنها

سلێمانی- یەکەمین کۆنفرانسی "کۆمەڵەی ژنانی گەنج" لەڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

ژینۆ کەریم، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە سەبارەت بە سازکردنی یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی گەنج، بۆ ژنها دوا و ڕایگەیاند کە لە ژێر دروشمی "بەهێز و ئیرادەی ژنانی گەنج دەبینە چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکانی کۆمەڵگا" لە ١٣ی ئەم مانگەدا کە هاوکاتە بە ڕۆژی لە سێدارەدانی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم، یەکەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەکەیان سازدەکەن.

ژینۆ کەریم وتی: "وەکو کۆمەڵەی ژنانی گەنج بۆ یەکەمین جار لە باشوری کوردستان هەڵساین بە سازدانی یەکەمین کۆنفرانسی خۆمان لە شاری سلێمانی، کۆنفرانسەکەشمان لەساڵڕۆژی شەهید بونی کچە شۆڕشگێڕی کورد (شەهید لەیلا قاسم) لە بەرواری (١٣-٥-٢٠١٦) دا ئەنجام دەدەین."

ژینۆ کەریم، ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجیان لەو کۆنفرانسەدا، تاوتوێکردن و دەستنیشانکردنی گرفتە سەرەکیەکانی ژنانی گەنج و دیارکردنی ڕێگە چارەی ڕاستە بۆ کێشەکانیان، هەروەها وتیشی: "دەمانەوێت ئەم کۆنفرانسە بکەینە هەنگاوێک بۆ زیاتر برەودان بە تێکۆشانی گەنجان، هۆشیارکردنەوەیان لەو دۆخە مەترسیدارەی ئێستا لە کوردستان هاتۆتە ئاراوە."

ناوبراو لە بەردەوامی وتەکانیدا جەختیکردەوە: "بەستنی کۆنفرانسێکی لەم جۆرە تا ئێستا لە ناو هیچ ڕێکخراو و پارتێکدا ئەنجام نەدراوە، بۆیە ئەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی ژنانی گەنج دەبنەوە هیچ چارەسەرییەکی بۆ نەکراوە. ئەمەش ئەنجامی ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستەیە کە پێنج هەزار ساڵە ژنی کردۆتە کۆیلە، وای کردوە ژن نەک بەتەنها لەپیاو جیاکراوەتەوە بەڵکو ژنان لەناو خۆشماندا جیاکراوینەتەوە کراوین بە کچ، ژن، قەیرە کچ، بێوەژن، پیرەژن و ...هتد."

ژینۆ سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی ژنان هەرێمی کوردستان و وتیشی: " لەباشوری کوردستاندا ژنانی گەنج ڕوبەڕوی چەندین کێشەو گرفتی جۆراو جۆر دەبنەوە تا ئێستا دەبینین بەزۆر لەتەمەنێکی بچوکدا ناچار بە هاوسەرگیری کردن دەکرێن، دادەبڕێن لە ناوەندەکانی زانست و سیاسەت و تەواوی ئەو ناوەندانەی کە دەبنە سەرچاوەی پێگەیاندنی ژنێکی خاوەن بڕواو ئیرادەی بەرز کە هەر لەئەنجامی ئەم دابڕینە بوو بینیمان ژنان و ژنانی گەنج لە شەنگال بوون بەقوربانی سیاسەتێکی چەوتی پیاوان لەباشوری کوردستاندا و ژنان لەبری خۆپاراستن ناچار بە کۆیلایەتی بوون کران."

ژینۆ کەریم ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانس لە کۆتایشدا وتی: "چەندین گرفتی دیکە تا ئێستا ژنی گەنجی لێ هۆشیار نەکراوەتەوەو بەربەستێکی بۆ دانەنراوە، بۆیە ئێمە وەک ژنی گەنج خۆمان بەخاوەن لە کێشەکانی کۆمەڵگا دەرکەوین و بە هێزو باوەڕی خۆمان چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکانی کۆمەلگاو ژنان دادەنێین ، پێویستە تەواوی ژنانی گەنج خۆمان بەڕێکخستن بکەین وە بانگەوازی لە هەموو ژنانی گەنج دەکەین ئامادە ببن لە یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی گەنج."

(ش ب)