"ئێستاش دەنگی شەهید مزگین بۆ ئێمە ئاوازی سەرکەوتنە"

09:29

ژنها

کەرکوک – گەریلاکانی 'یەژا- ستار' ٢٤ ساڵەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هونەرمەند و تێکۆشەری ژن هۆزان مزگین بیردێننەوە و ڕادەگەیەنن: هۆزان مزگین پێشەنگی هونەری شۆڕشگێریە.

هونەرمەند و ژنە شۆڕشگێری کورد (گوربەت ئایدن) ناسراو بە مزگین، ٢٤ ساڵ لەمەوبەر لە١١-٥- ١٩٩٢ لە شاری تاتوانی باکوری کوردستان لە ئەنجامی پلانگێریەکی دوژمان شەهید دەبێت، کە هەم وەک هونەرمەندێک هەمیش وەک فەرماندەیەکی ژن لەناو بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد تێدەکۆشا.

گەریلاکانی یەژا-ستار لە شاری کەرکوک یادی هۆزان مزگین- یان بەرز راگرت، گەریلا "ڕوکەن نودا" لەوبارەیەوە وتی: "سەرەتا سەری ڕێز و نەوازش لە بەرامبەر شەهیدانی مانگی گولان دادەنەوێم، هەڤاڵ مزگین هەم وەک شۆرشگێرێک هەمیش وەک هونەرمەندێک لە شاخەکاندا تێکۆشانی دەکرد، شەهید مزگین بەتایبەت لەو کاتەدا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە لە بەرەو پێشخستنی هونەری شۆڕشگێری کوردیدا. ئێمە وەک گەریلای ژن لە سەر ڕێبازی کەسانی وەک هەڤاڵ مزگین گەیشتین بەو ڕۆژە، بۆیە بەڵێنی خاوەندەرکەوتن لە ڕەنج و تێکۆشانی ئەو دووپات دەکەینەوە."

هەروەها فەڕاشین بەرفین گەیلای یەژا- ستار هەر بۆ ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هۆزان مزگین، ڕایگەیاند کە هۆزان مزگین یەکەمین ژنە فەرماندەی گەریلا بووە، ناوبراو وتیشی: "سەرەتا لە کەسێتی هەڤاڵ مزگین دا هەموو شەهیدانی مانگی گوڵان بیردێنمەوە، ئەو کات هۆزان مزگین ڕۆڵێکی پێشەنگی هەبوو لە تێکۆشانی گەریلایەتی لە ئاستی فەرماندە خەباتی کردوە هەروەها هەڤاڵ مزگین بەهرەی زۆری هەبوو لە ژیاندا بە ئافرێنەری ناسراو بووە، توانیویێتی دوو هونەری مەزن ئاوێتە بکات و بەوشێوەیە خەبات بکات. ئەگەر ئێمە وەک گەریلا لە تێکۆشانی خۆماندا ڕێبازی هەڤاڵ مزگین بە بنەما بگرین دەتوانین سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنین."

هەروەها ڕۆژین ئامەد گەریلایەکیتری "یەژا - ستار" بەو شێوەیە باس لە کەسایەتی و تێکۆشانی هۆزان مزگین دەکات: "ئەو مانگە مانگی شەهیدانە، سەرەتا یادی هەموو شەهیدان بەرز ڕادەگرم و سوژدە بۆ پیرۆزی ئەوان دەبەم، هەڤاڵ مزگین وەک یەکەم ژنە فەرماندە لە هەرێمی گارزان خاوەن هەڵوێستی شۆڕشگێرانە بوو، هۆزان مزگین هەمیشە هەوڵی داوە جەنگ و تێکۆشان بە هونەر پیشانی گەلی کورد بدات، ئەو کاتە ژنانی شۆڕشگێر لە ناو کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی تێروانینی جیاوازی کۆنەپەرستی دەبوونەوە، هەڤاڵ مزگین بە دەنگ و ڕەنگ لە کەسێتی خۆیدا زۆر شتی بەرجەستەکردەوە، کاریگەری هەڤاڵ مزگین ئێستاش ماوە و ئێستاش دەنگی هەڤال مزگین بۆ ئێمە ئاوازی سەرکەوتنە."

(ش ب)