پەیامی ژنانی گوندی 'جەلەمۆرد' لە ٢٨ مین ساڵڕۆژی ئەنفالکردنیاندا

14:57


ژنها

سلێمانی- له ٢٨ ساڵیادی شه‌هیدانی گوندی جه‌له‌مۆرد و ده‌وروبه‌ری كه ‌له‌پرۆسه‌ی به‌د‌ناوی ئه‌نفال دا به‌ده‌ستی ڕژێمی به‌عسی فاشیست ‌نزیكه‌ی 1629 كه‌س لە خەڵکی مەدەنی كۆمه‌ڵكوژكران، مەراسیمێک بەڕێوەچوو. ژنانی بەشدار بووی مەراسیمەکە ڕایانگەیاند کە ئەوان بە نیگەرانیەوە ئەو یادە دەکەنەوە لە کاتێک دوای ٢٨ ساڵ، هێشتا تاوانباران لە ناو هەرێم دەسوڕێنەوە.

لە مەراسیمەکەدا بەسەدان هاوڵاتی و نوێنەرانی لایەنەکانی پارت و رێکخراوەکانی پارچەکانی تری کوردستان ئامادە بوون. هەروەها وتار و چەپکەگوڵی ڕێزگرتن بۆ ئەو یادە دانرا، هاوکات، شانۆیەک لەسەر ئەو ڕۆژە پێشکەش کرا، لە مەراسیمەکەدا ئەوی جێگەی نیگەرانی هاوڵاتیان بوو، تا ئێستا خوێندنگە و نەخۆشخانەی ئەو گوندە دروستنەکراوە، سەرەڕای ئەوەی کە گوندێکی دوورە دەستە.

ژنان نیگەرانی خۆیان پیشاندا و وتیان ئێمە هیچمان ناوێت ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوانمان دەوێت، قەرەبووی لایەنی مەعنەوی و مادی هاوڵاتیان بکرێتەوە و موستەشارەکانی پرۆسەی ئەنفال لە کوردستان بەخێو نەکرێن.

فەوریە سیروان محەمەد وتی: "بەرەبەیانی ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ هێرشیان کرد و شەڕێکی زۆریان لەو گوندە کرد، هەرچی گەورەی و بچوکی ئەو گوندەیان بە کوژراوی بە برینداری و زیندووی سواری زیلەکانیان کرد و ژنان و کچان و منداڵ، ماڵ و موڵکی ئەو گوندەیان بەتاڵان برد، ٢٢ مێگەل مەڕیان بە تاڵان برد، دەستی دوو کوڕەکانم گرتبوو لەناو دەستیان دەرخستم، داوادەکەم ئێسک و پروسکی ڕۆڵەکانمان بێننەوە." ئەو ژنە کە هەر خۆی تەنها لەو ئەنفالە ڕزگاری بووە، ڕەخنەی توندی لە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم گرت کە تا ئێستا نەیانتوانیوە کارێک بکەن قەرەبووی ئەو گوندە بکرێتەوە و برینەکان ساڕێژ بکرێن، هەروها ئەو خوێندنگەیەی پێشتریش هەبووە ئێستا داخراوە.

حوسنیە مەعروف محەمەد لەو بارەیەوە وتی:" ٢٨ساڵ تێدەپەڕێت و هیچ قەرەبووی کەس وکاری ئەنفال کراوان نەکراوە لەو گوندە، داواکاری سەرەکیم ئەوەیە موستەشارەکان دادگایی بکرێن و چیتر لە مەسیف بەخێو نەکرێن، لە کوردستان نەشاردرێنەوە، با بە سزی خۆیانبگەن. دایکی دوو ئەنفالم هیچیان بۆ نەکردووم، هەشت مانگە ئەو بڕە موچەیەشیان بڕیووم کە پێشتر پێیان دەدام."

عایشە عومەر قادر ژنێکیتری ئەو گوندە ئەنفال کراوەیە و خاوەن ٥٤ ئەنفالە و بە نیگەرانیەوە وتی: "زۆر بەداخەوە کە یادی ئەنفالێک دەکرێتەوە کە چی وەزیری شەهید و ئەنفال نەهاتوە، چوارسەد و پەنجا کەسی ئەنفالکراوە، هەر ساڵ بەڵێنی بێ کردار بە هاوڵاتیان دەدەن و هیچیشمان بۆ ناکەن. هەتا ئێستا موچەیەکی نیوچەڵ دەدەن بە کەسوکاری ئەفالکراوان ئەوەشیان بۆ خۆیان بێت هیچمان لێناوێن و ئینشەلا نابن بە حکومەت وەک ئەوەی نەبوونە.

گوندی جەلەمۆرد سەر بە ناحیەی گۆکتەپەیە و دەکەوێتە سنوری شارۆچکەی چەمچەماڵ پارێزگای سلێمانی. لە ١٠-٥-١٩٨٨ دا دەکەوێتە بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و تەنیا لەو گوندە زیاتر لە ٤٥٠ هاوڵاتی کورد ئەنفال دەکرێن.

(ش ب)