یەکەم کارگەی درومانی ژنان لە کۆبانێ کرایەوە

09:15

زاهیدە ئەحمەد / ژنها

کۆبانێ- بە دەستپێشخەری دەستەی کاروباری ژنان لە کانتۆنی کۆبانێ یەکەم کارگەی درومانی تایبەت بە ژنان کرایەوە و کە ١٠ ژن کاری تیا دەکەن.

لە ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی بونیادنانەوە بە پێشەنگی ژنان بەڕێوەدەچێت، ژنان ڕۆژبەڕۆژ لە خەبات و رێکخستندا خۆیان بەرفراوان دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ لە کانتۆنی کۆبانێ بە مەبەستی پێشخستنی ئابوری و پڕۆژەی تایبەت بە ژنان، بە دەستپێشخەری دەستەی کاروباری ژنان لەو شارە کارگەیەکی درومانی بۆ ١٠ ژنی بەرگدرو کرایەوە.

ئەو ژنانەی لە کارگەکەدا کار دەکەن خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ژنان دەتوانێت بە ئابوری سەربەخۆی کۆمەڵگە زیاتر پێشبخات و هاوکاری هەرە زیادی خێزان بکات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان.

فیدان بیرگل، بەڕێوەبەری کارگەی درومانی ژنان لەبارەی چۆنێتی کار کردن وتی: "ئێمە وەک ژنان بە بەرپرسیارێتیەوە کار دەکەیەن، پێویست دەبینین لەر جۆرە پڕۆژانە پێسبخرێن تا هەموو ژنێک بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێرێت. ئێمە بە گشتی ٨ کاتژمێر کار دەکەین، ١١ مەکینەی جل درومان هەیە." فیدان ئاماژەی بەوەکرد کە هاوژینەکەی لە شەڕی بەرامبەر چەتەکانی داعش لە بەرخۆدانە بە شکۆکەی کۆبانێ گیانی بەختکردوە و وتیشی: "بەو خەباتەی دەستمان پێکردوە هەم بژێوی ژیانی خێزانەکەم دابین دەکەم هەم بۆ ئێمەی ژنان وەک هەنگاوێکیتری سەرکەوتنی باوەڕی و ئیرادەی ژنانە، بۆیە زۆر خۆشحاڵین بەو خەباتەمان."

ئەمینە محەمەد خەباتکارێکی کارگەکەیە و سەرەتا دڵخۆشی خۆی بە کرانەوەی ئەم کارگەیە دەربڕی و بانگەوازی لە هەموو ژنان کرد کە پەرە بە خەباتی سەربەخۆی ژنان بدەن، ناوبراو جەختیشی کردەوە: "کاری درومانی زۆر خۆشە، دەمانەوێت بە ڕەنجی دەست و پەنجەی خۆمان خاوەن لە کۆمەڵگە و خێزانەکەمان بکەین، هیوادارم خەباتی لەو شێوەیە زیاتر پەری پێبدرێت."

(ش ب)