زیلان پێنجوێن: بەردەوام کردنی ڕێبازی لەیلا قاسم و ڤیان سۆران مەرجە

10:45

ژنها

بادینان- زیلان پێنجوێن گەیلای (یەژا-ستار) لە ژێر کاریگەری چالاکی ڤیان سۆران پەیوەندی بە ڕیزی گەریلاکان کردوە و دەڵێ: چۆن ئەمڕۆ زیلان، بێریتان و ڤیان پێشەنگی تێکۆشانمانن، هاوشێوەی ئەوان لەیلا قاسم پێشەنگی ژنانی کوردە.

کوردستان پڕە لە ژنی تێکۆشەر و شۆڕشگێر کە لە پێناو گەل و نیشتیمان گیانی خۆیان فیداکردوە، دوای ئەوەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی شیرین عەلەمهویمان کردەوە، حەفتەیەک تێپەڕ نابێت یادی ژنە تێکۆشەرێکی تری نیشتیمانی دایک دەکەینەوە، لەیلا قاسم ئەو ژنە گەنجەی دوای دوو حەفتە لە دەستگیرکردنی لەگەڵ چوار لە هاوڕێکانی لە بەرەبەیانی ڕۆژی١٢ی گوڵانی ١٩٧٤ لە شاری بەغدا لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی ڕووخاودا لە لەسێدارەدران. زیلان پێنجوێن لە هەرێمەکانی پارستنی میدیا بۆ ٤٢ مین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی ئەو ژنە تێکۆشەرە باس لە ڕۆڵی پێشەنگی و چۆنێتی خاوەنداریکردن لە ڕێبازای ئەو دەکات.

"لەناو جیهانێکی بچوکدا نابینە خاوەنی واتایەکی گەورە"

زیلان پێنجوێن ڕایگەیاند: "ژنان لە باشوری کوردستان بونەتە قوربانی دابونەرتی کۆنەپەرستی ئە‌قڵیەتی پیاوسالار، بەهۆیەوە ڕۆڵی ژنان بچوک کراوە ، ژنان لە باوەڕی و متمانە بەخۆبوون دوورخراونەتەوە و ئیرادەی ژنان شکێنراوە. لە سەر ئاستی جیهاندا ژنان ڕووبەڕووی تاڵان دەبنەوە، ئەوەی لە باشوری وڵات ڕوودەدات بەشێکە لەو سیستەمە جیهانیە کە ژنانی کردۆتە کاڵا و ئامرازێکی بێ ڕۆح، بۆیە ئێمە وەک ژنانی باشوری کوردستان لەناو جیهانێکی بچوککراوە دا ناتوانین ببین بە خاوەن واتەیەکی گەورە، لەیلا قاسم لەبەرامبەر کۆیلایەتی سەری هەڵبری و ئەو ژیانەی ڕەتکردەوە کە کۆمەڵگە بەسەر هەموو ژنان دەسەپێنێت."

" بەرخۆدانی لەیلا لەناو جیلی نوێدا زیندوو بۆتەوە"

زیلان لە بەردەوامی هەڵسەنگاندنەکانیدا جەختی کردوە: "لەیلا قاسم بە ڕەنج و تێکۆشان ناوی خۆی لەسەر هەموو لاپەڕەکانی مێژووی ژنانی کورد تۆمارکرد، لەیلا بوو بە سمبۆلی قارەمانێتی و بوێری بۆ هەموو ژنان لە ناوچەکەدا. سەرەڕای ئەوەی ٤٢ ساڵ بە سەر گیانبەختکردنی تێپەڕ دەبێت، بەڵام هەموو ساڵێک یادی بەرز ڕادەگیرێت واتا لە بیر ناچێت و لەناو جیلی نوێ دا هەمیشە بە گەنجی دەمێنێتەوە، بۆ ئێمەی ژنانی گەریلا چۆن زیلان، بێریتان و ڤیان پێشەنگی تێکۆشانمانن، هاوشێوەی ئەوان لەیلا قاسم پێشەنگی ژنانی تێکۆشان و خۆڕاگریە."

زیلان پێنجوێن، سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕۆڵی ئەو ژنە شۆڕشگێرانە لە جیهانی تێکۆشانی ئازادیخوازی ژناندا وتیشی: "بە درێژایی مێژوو هەموو ئەو لاپەڕانەی مێژووی ژنانیان لێنوسراوە قرتێندراون و ئەو دێرانەی باسێکی ژنانی تیا نوسراوە سڕاونەتەوە، بۆیە ئەگەر وەک ژنانی کورد ئەمڕۆ خاوەنداری لە تێکۆشانی ژنانی قارەمان نەکەین ئەوا ناوی ئێمەش لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا دەسڕدرێتەوە. بۆیە ئەوەی ئێستا دەکەوێتە ئەستۆی ژنان بە گشتی و بەتایبەتیش ژنانی کورد نابێت بە هیچ شێوەیەک ملکەچی سیستەمی دەسەڵاتداری پیاو ببین، بە ڕۆحی لەیلا قاسم و ژنانی پێشەنگمان هێڵی تێکۆشانی ژنی بەرخۆدێر بگیرین."

" بەردەوام کردنی ڕێبازی لەیلا قاسم و ڤیان سۆران مەرجە"

زیلان پێنجوێن گەریلای (یەژا-ستار) لە هەرێمەکانی پارستنی میدیا لە کۆتاییدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ژنان لە باشوری کوردستان کرد و وتی: " بەردەوام کردنی ڕێبازی لەیلا قاسم و ڤیان سۆران مەرجی ژیانە بۆ ژنان لە باشوری وڵات، بەر لە هەرشتێک دەبێ ژنان لە باشور خۆیان بگەیەننە ئاستی خاوەنداریکردن لە تێکۆشان و هەڵوێستی ئەو تێکۆشەرانە، چونکە یەکێک لەو شوێنانەی سیستەمی کۆیلەداری بەسەر ژنادا زاڵە و دەنگیان کپکراوە ئەو بەشەی وڵاتمانە، ئازادی بۆ ژنان لە باشور پێویستیەکی ژیانیە، بە کۆیلەکردنی ژنان ئەنجامی کۆیلایەتی ئەقڵیەتێکە، بۆیە تا وەرچەرخانێکی هزری نەکرێت مەحاڵە باس لە ئازادی ڕاستەقینە بکرێت، بۆیە دەبێت هەر ژنێکی کورد تا پچڕاندنی زنجیرەکانی کۆیلایەتی سەر هەڵبڕێت، بەرخۆدانی بکاتە پێوانی ژیان و لە کەسێتی خۆیدا دەست پێبکات."

(ش ب)