بەغدا؛ تەقینەوەیەک ١٠٠ قوربانی لێدەکەوێتەوە
14:54
ژنها
ناوەندی هەواڵ- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە گەڕەكی سەدری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا تەقییەوە، بەهۆیەوە نزیكەی ١٠٠ كەس كوژران و بریندار بوون.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی پزیشكی، لەو تەقینەوەیەدا كە ئەمڕۆ (چوارشەممە) بەڕێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نێو بازاڕێكی میللی لە ناوچەی سەدر لە خۆرهەڵاتی بەغدا رووی دا، 28 كەس كوژران و زیاتر لە 72ی دیكەش بریندار بوون.
كاربەدەستێكی نەخۆشخانەی فریاگوزاری لە نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە لێدوانێكدا دوایین ئاماری قوربانیانی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی ناوچەی سەدری راگەیاندو وتی: "بەپێی دوایین ئامار كە لە بەردەستماندایە، لەو تەقینەوەیەدا 28 كەس كوژراون و زیاتر لە 72ی دیكەش برینداربوون".
بەوتەی كاربەدەستەكە، بە بەشداری هێزە هاوبەشەكان و سوپا و هاووڵاتییان توانراوە كوژراوان و بریندارەكانی تەقینەوەكە بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە نزیكەكان.
(ش ب)