مامۆستایانی ژن: زانابوون چەکی پاراستنی ژنانە

09:53

ڕوکەن دێرک/ ژنها

ڕمێلان – لە ٤ مانگی نیسانی ڕابردوو یەکەمین خولی پەروەردەیی بۆ مامۆستایانی ژن، لە ئەکادیمیای شەهید "باز" بەبەشداری ٢٨ مامۆستایی ژن لە شارۆچکەی ڕمێڵان کراوەتەوە. مامۆستایان دەڵێن: مەگەر پەروەردە ئێمەی ژنان ڕزگار بکات.

بە مەبەستی پێشخستن و قولبوونەوە لە سەر سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمورکراتی ئەکادیمیای باز لە شارۆچکەی ڕمێڵانی کانتۆنی جزیرە خولێکی پەروەردەیی بۆ مامۆستایان ژن کراوەتەوە، خولەکە بە بەشداری ٢٨ مامۆستای ژن لە ٤ی مانگی نیسانی ڕابردوو دەستی پێرکردوە. مامۆستایان لەسەر گرنگی و چۆنێتی پەروەردەکەیان بۆ ژنها دوان.

مامۆستا دیلان خەلەف، سەبارەت بە ناوەرۆکی پەروەردەکەیان وتی: "کردنەوەی ئەم پەروەردەیەگرنگی زۆری هەیە بۆ مامۆستایان، ئەوە زیاتر لەمانگێکە پەروەردەیەکی قوڵ لەسەر تێزەکانی ئازدی دەبینین، پەروەردەکەمان لە ٤ ی نیسان دەستی پێکرد کە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، چونکە رێبەر ئاپۆ لە پێناو ئازادی ژنان ڕەنجی زۆری داوە و تێکۆشاوە." ناوبراو جەختیشی کردەوە : "لە پەروەردەکەماندا ڕاوەستە لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕێکخستنی ژنان دەکەین. هەروەها چۆن لە بەرامبەر ئەقلیەتی پیاوسالار تێبکۆشین گفتوگۆ دەکەین."

لەیلا حسۆ مامۆستایەکی تری خولەکەیە و ڕایگەیاند کە پەروەدە و زانا بوون چەکی پاراستنی ژنانە، هەروەها وتیشی: "ئێمە بە ژمارەیەک دیارکراو دەستمان بە خولێکی پەروەردەکرد لە ئاستێکی باشدا پەروەردەکەمان بەڕێوەدەچێت. خۆشحاڵین بەوەی ئەمرۆ ڕاستی مێژووی خۆمان دەخوێنین و گفتوگۆ لەسەر تێپەڕاندنی سیستەمی دەسەڵاتداری دەکەین. ئێمە دەزانین مەگەر زانابوون و پەروەردە رزگارمان دەکات."

هەروەها مامۆستا هۆژین ئەحمەد هەر لەسەر پەروەردەی خولەکەیان ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی مامۆستا کرد و وتی: "بۆ زامن کردنی ئایندەی کۆمەڵگەکەمان پێویستمان بە کەسی پێشەنگ هەیە کە بتوانن لە ڕووی هزریدا گۆڕانکاری ڕیشەیی بونیادبنێن. پێموایە بەشێکیش لەوانە مامۆستایانی ژنن. زیاتر دەبێت ئێمە وەک مامۆستایانی ژن بەو ئەرکە هەڵسین، بە پەروردەکردن دەتوانین جیلی نوێ بگەیەنینە ئاستی کەسایەتیەک لەپێناو ئازادی تێبکۆشێت."

(ش ب)