پێشەنگی بەرخۆدانی جزیرە لە ژێر ڕۆشنایی ئەستێرەکان بە خاک سپێردرا
09:54
ژنها
شرناخ- ئاسیا یوکسەل هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی جزیرە لە کە لە ژێر زەمینەکانی بێدەنگ و تاریکی جزیرە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورک شەهید کرا. شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی "قلابان" لە ژێر سرودی "سێ ژنی ئازاد" لەلایەن هەزاران کەسەوە بە خاک سپێردرا.
ئاسیا یوکسەل سێ مانگ بەر لە ئێستا لە کۆمەڵکوژی ژێر زەمینەکانی جزیرە دا لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ زیاتر لە سەد هاوڵاتی کۆمەڵکوژکران، تەرمی ئاسیا بە هۆی ئەوەی نەناسرابووەوە بە هەڵە لە گوندی "خۆسار"ی سەر بە شاری جزیرە نێژرابوو. بەڵام دوای ئەوەی لە پشکنینی پزیشکی دەرکەوت کە ئەوە تەرمی ئاسیایە دوێنێ کەس وکاری ئاسیا تەرمەکەیان هێنایەوە بۆ شارۆچکەی "قلابان"ی شاری شرناخ کە زێدی لەدایکبوونیەتی و شەوی ڕابرووش لەلایەن هەزاران کەسەوە بە خاک سپێردرا.
تابوتی ئاسیا بە ئاڵای"پەکەکە" لە سەر دەستی ژنان دایکی شەهیدانی تێکۆشانی ئازاد تا گۆڕستانی "گەڕەکی چەمان" هەڵگیرا. ئاسیا لە ژێر دروشمەکانی"ژن ژیان ئازادی، سرودی سێ ژنی ئازاد، بەرخۆدان و سەرهەڵدان کۆتایی نایەت" بە دخاک سپێردرا. لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی دا باوکی ئاسیا قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئاسیا کچ و دایکی گەلی کوردە.
عەبدولکەریم ئورون باوکی شەهید ئاسیا وتی: "ئاسیا ڕۆحە، ئاسیا سەرهەڵدانە، ئاسیا دایکی ژیانە، دایکی شوانە، ئاسیا کچی هەموومانە و دایکی هەمووتانە. ئێوە هەمووتان ئاسیای منن، ئاسیا بە بەرخۆدانی خۆی بوو بە سمبۆلی بەرخۆدانی و سەرهەڵدان. سەرمان بەرزە بە شەهیدان و شەهید نامرێت."
دوای ئەوەی ڕێوڕەسمەکە کۆتایی هات تەرمی ژنە شۆڕشگێری کورد لە تەنیشت گۆڕی براکەی"نەجمەدین ئورون" نێژرا، کە لە ساڵی ١٩٩٥ لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید کرابوو.
(ش ب)