كەلار؛ داخستنی دەروازەی سێمێلكای بەخۆپیشاندان شەرمەزاركرد
21:01
ژنها
لە دژی داخستنی دەروازەی سێمێلكا بەڕووی ڕۆئاوای كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق،ەوە، لەشارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ڕێپێوانێكی جەماوەری ئەنجامدرا.
كاتژمێر پێنجی سەر لە ئێوارەی ئەمرۆ، بەدەستپێشخەری ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان و بەبەشداری كۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی كوردستان و ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان-رژاك، ڕێپێوانێكی جەماوەری لەبەردەم پاركی لەیلا قاسم تا ناو بازاڕی شارۆچكەی كەلار ئەنجامدرا.
سەرەتای ڕێپێوانەكە بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی كوردستان دەستیپێکرد، پاشان بەیاننامەی هاوبەشی هەریەكە لە ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی، گەنجانی وڵاتپارێز و رێکخراوی ژنانی ئازاد (رژاك) لەلایەن دیار حەکیمەوە خوێندرایەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتبوو: "گەلەكەمان لەمێژوودا دەیان جار كۆمەڵكوژكراوە و تائێستاش سیاسەتی نكۆلی كردن لە هەبونی دەكرێت، بەڵام بەداخەوە كۆمەلێك پارتی سیاسی نەتەنیا هیچ دەسكەوتێكیان بۆ گەلەكەمان نەبووە، بەڵكو بوونەتە لەمپەر لە بەرامبەر دروستكردنی كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان كە هیوای سەرەكی گەلەكەمانە، لەدژی یەكگرتن باس لەڕیفراندۆم و دروستكردنی دەوڵەتی كوردی دەكەن".
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتبوو: "شۆرشی رۆژئاوای كوردستان كە دەستكەوتێكی مێژووییە بۆ گەلەكەمان لە ئەنجامی خەباتیكی بێوچانی ڕێبەر ئاپۆ و ڕژانی خوێنی هەزاران شەهید پێكهاتووە، ئەمرۆ لە ژێر هەڕەشەیەكی مەزن دایە، بەڵام لەلایەكیترەوە هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورك بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامە، بەتایبەت ناوچەكانی عەفرین و گرێسپی، هەروەها گەمارودان لەلایەن چەتەكانی داعشەوە بەردەوامە، سەرەڕای ئەم هەموو هێرشانە سیاسەتێكی هاوشیوەی داگیركەران لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پەیڕەو دەكرێت، داخستنی دەروازەی سمێلكا بە ئامانجی برسی هێشتنەوەی گەل و شكاندنی ئیرادەی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان دەكریت".
لەکۆتایی بەیاننامە هاوبەشەكەدا ئەوەش خرابووە ڕوو: "ئێمە وەك خەڵكی گەرمیان ئەم كردەوانەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە خیانەتێكی میژووی دەزانین و بەتوندی شەرمەزاری دەكەین، بێدەنگ بونی لایەنەكانی تریش لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە كەدوورە لە بەها ئەخلاقی و ویژدانییەكان شەرمەزار دەكەین، ئەم بێدەنگ بونەش كەوتنە ناو بازنەی هەمان سیاستەوەیە، لەوەش دڵنیاین كە گەلی شۆرشگێڕی رۆژئاوا ئەم قوناغە بەسەركەوتووی تێپەڕدەكات".
ڕێپوانەکە بە وتنەوەی درووشم بۆ یەکڕیزی گەلی کورد کۆتایی هات.
(ش ب)