یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی گەنج دەستی پێکرد
11:10
ژنها
سلێمانی- لە ژێر دروشمی "بە ڕێکخستنبوونی ژنانی گەنج بەرەو کۆمەڵگایەکی دیموکرات و ئازاد" لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد.
ژنانی گەنجی باشوری کوردستان ئەمڕۆهەینی ١٣-٥-٢٠١٦ لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنفراسی خۆیان بە بەشداری ٧٠ ئەندام لە ژێر دروشمی"بە ڕێکخستنبوونی ژنانی گەنج بەرەو کۆمەڵگایەکی دیموکرات و ئازاد" لە هۆڵی (CDO)ی شاری سلێمانی دەست پێکرد.
کۆنفراسەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیان بەختکردوانی ڕێگای ئازادی لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد و دیوانی کۆنفرانس لە ٥ ژن هەڵبژێردرا کە یەکێکیان ژنێکی ئێزیدی بوو.
پاشان وتەی کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن شیلان شاکر هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پێشەکەش کرا.
شیلان شاکر لە وتەکانیدا ڕایگەیاند: "ئەم کۆنفرانسە بۆ ژنان ئەمڕۆ خاڵێکی وەچەرخانەنە، ئێستا ئەو رێکخستنەی لەباشوری کوردستان دروستبووە بە پێشەنگی تەڤگەری ئازادی کوردستان بۆتە هیوای ژیانێکی ئازاد بۆ ژنان و گەلی کورد."
شیلان شاکر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو تێکۆشانە سەرەتا بە دوو ژن دەستی پێکردوە کەیەکێکیان شەهید ساکینە جانسز بووە و ئێستاش بووە بە هەزاران و بوونەتە سمبۆلی ئازادی و بەرخۆدان لە جیهان. پلانی دوژمنان لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هۆی تێکۆشانی گەلی کورد پوچەڵ کراوەتەوە و ئەمەش هێزی خۆی لە ژنان دەگرێت."
شیلان شاکر، سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی باشوری کوردستان و وتی: "سیاسەتی بێ ژن ڕووبەڕووی شکست هاتوە و هەرەسی هێناوە، لە باشوری کوردستان و عێراق. بۆیە لە دۆخێکی وەهادا بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە ئەنجامی بوێری ئیرادەیەکی گەورەیە، پیرۆزبایی خۆمان لە ژنانی گەنج و سەرجەم ژنان دەکەین و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی خۆما دەردەبرین بۆ ئەم کۆنفرانسە مێژوویە دەردەبڕین."
لە هۆڵی کۆنفرانس وێنەکانی گیانبەختکردوانی تێکۆشانی ئازادی و عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە هەڵواسراون.
لەبارەی بەڕێوە چوونی کۆنفرانسەکە مژدە عەلی، ئەندامی دەستەی ئامادەکاری کۆنفرانس بە ژنهای ڕاگەیاند: "ئامانجی کۆنفرانسەکەمان کۆکردنەوەی ژنانی گەنجە لە ژێر چەتری ڕێکخستنێکدا، هاوکات تێکۆشانکردنە بەرامبەر ئەو سیستەمە دەسەڵاتداریە پیاوسالاریەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە ئێستاش دا لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت."
مژدە عەلی ڕاشیگەیاند کە تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە کۆنفرانسەکەیان بەردەوام دەکات.
(ش ب)