ژنانی گەنج : کۆنفرانس بەرهەمی تێکۆشانی ساڵێکی ژنانە
15:14
ژنها
سلێمانی- ژنانی گەنجی باشوری کوردستان ئەمڕۆهەینی لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنفراسی خۆیان بە بەشداری ٧٠ ئەندام لە ژێر دروشمی"بە ڕێکخستنبوونی ژنانی گەنج بەرەو کۆمەڵگایەکی دیموکرات و ئازاد" بەست. لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا ژنانی گەنج بۆ ژنها دوان و ڕایانگەیاند کە کۆنفرانس بەرهەمی ڕەنجی ساڵێکی ژنانی گەنجە.
دلخۆش عەبدولوەهاب، خوێنکاری زانکۆ و ئەندامی کۆنفرانسەکە ڕایگەیاند: "وەک دەبینین لە بەشەکانی تری کوردستان ڕێکخراوی بەو جۆرەمان هەیە کە پێشەنگن لە شۆڕشی ئازادیدا، ئێمەش پێشتر لە ژێر ناوی "رێکخراوی ژنانی ئازاد" و گەنجانی وڵاتپارێز" خەباتمان کردوە و خۆمان بەڕێکخستن کردوە، بۆیە دوای ئەوەی خەباتێکی بەرفراوان و ئەنجام گیر بڕیارماندا ئەم خەباتە لە ژێر ناوێک بەڕێکخستن بکەین."
دلخۆش وتیشی: "دەمانەوێت ڕێکخراوێکی ژنانی گەنج دامەزرێنین، چونکە کۆمەڵێک قەیران دروستکراوە کە کۆمەڵگەو بەتایبەت ژنانی زۆر سەرقاڵ کردوە، بۆیە دەمانەوێت دەستپێشخەربین لە چارەسەرکردنی هەموو کێشە و قەیرانەکان، دەمانەوێت ژنانی گەنج لە ژێر سیستەمی کۆیلایەتی و چەوساندنەوە ڕزگار بکەین، بۆیە زیاتر گفتوگۆمان لەسەر چۆنێتی کارکردن کردوە، هێشتاش کۆنفرانسەکەمان بە هەموو گڕوتینێک بەردەوامە."
هەروەها شەنگە عەبدولخاڵق ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار لەوبارەیەوە وتی: "وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ 'شۆڕشی باشور بە تێکۆشانی ژنان سەردەکەوێت'، ئێمەش لە باشوری کوردستان هەڵساین بە ئەنجامدانی یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی گەنج. ئەمە بەرهەمی ساڵێکی تێکۆشانی کۆمەڵێک ژنی گەنج ئەزمونێکی بەساڵانە لە کوردستان."
شەنگە جەختیشی کردەوە کە لەو کۆنفرانسەداڕەشنوسێک کە لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکار ئامادەکراوە دەخوێندرێتەوە و گفتوگۆ دەکرێت، هەروەها دەمانەوێت ژنانی گەنج بگەنە ئاستی بڕیار و خۆیان بڕیار لەسەر ڕێکخستن و ئایندەی خەباتی ژنان بدەن و پڕۆژە بڕیاری کە ئامادەکراو بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە."
(ش ب)