کۆمەڵکوژی هەولێر ١٩ ساڵە چاوەڕوانی ئاشکراکردنە(١)

09:13

ت/ ژنها

سلێمانی- کۆمەڵکوژی ١٦ی گوڵان ھەولێر ئەو تاوانەیە کە لەلایەن ھێزێکی چەکداری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئەنجامدرا و تا ئێستا ئەو تاوانە ڕۆننەبۆتەوە. ئەو کۆمەڵکوژیە دوای نیوەرۆی رۆژی ١٦/٥/١٩٩٧ لەسەر رۆژنامه‌ی وڵات و شمس الوطن – مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا – نه‌خۆشخانه‌ی مانگی سووری كوردستان – یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK – یه‌كێتی ئازادی ژنانی كوردستانYAJK – یه‌كێتی خوێنده‌ڤانان و لاوانی وڵاتپارێزی كوردستانYXLWK )ئەنجامدرا، کە زیاتر لە ٨٣ کەس کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کۆمەڵکوژ کران.

١٩ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیە تێپەر دەبێت و تائێستا سەرجەم قوربانیان چارەنوسیان نادیارە و تاوەکو ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستانی ھیچ کاتێک باسی ئەو تاوانەی خۆی نەکردووە کە دەرھەق بە گەلی کورد کردویەتی. نەک تەنھا ئەو کۆمەڵکوژیەی رۆژی ١٦/٥ /١٩٩٧ بەڵکو سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەرێی بێ سەروشوێنکردن و رفاندن کە زیاتر لە ١٠٠ کەسن تائێستا ئامادەنیە لەسەر ئەو کەسانە ھیچ لێدوانێک ھیچ زانیاریەک بخاتەروو. کەچی لەبەرامبەر ئەوەدا کەسوکاری سەرجەم رفێنراوان و بێ سەروشوێنکراوان ھەموو رۆژێک بە ئاھی ھاتنەوەی ڕۆڵەکانیان دەگوزەرێنن، کەسوکاریان دەڵێن ئێمە هیچ داواکاریەک و چاوەڕوانیەکمان نیە لە دەسەڵاتدارانی باشور، تەنها داوای ئەوە دەکەن ئەگەر تەنھا پارچە ئێسکێکیش دیار بێت، بۆ ئەوان زۆرە و ھەر نەبێ دڵنەواییان دەبێت و ئیدی ئەوەندەش چاوەرێ نابن.

پەری عوسمان مەحمود ناسراو بە (پەیام) پەری لە ساڵی ١٩٩٦ پەیوەندی بە گەریلاکان دەکات و دوای شەش مانگ لە مانەوەی ناو تێکۆشان، لە ڕۆژی لە ١٦-٥-١٩٩٧ لە بیرۆی یەکینەکانی ژنانی ئازادی کوردستان(YAJK) لەگەل کۆمەڵێک هەڤاڵانی کۆمەڵکوژ دەکرێت، مە‌حبوبە ئەسعەدی دایکی دوو شەهید دەڵێت: "کچەکەم بەرهەمی قوتابخانەی کوردایەتیە بۆ کوردستان."

دایە مەحبوبە سەرەتا باسی لە ژیانی خانەوادەکەیان کرد و وتی: "ئێمە کاتی خۆی لە نێو تێکۆشانی حزبی شوعی خەباتمان دەکرد وەک بنەماڵەیەکی وڵات پەروەر دەناسراو بووین، زۆر شتیش لە حزبی شوعی ئەوکات فێر بووین، ئێمە هەمیشە لەگەڵ چینی هەژار و کرێکاران دابووین. ماڵمان وەک قوتابخانەیەک وابوو بۆ پێگەیاندنی ڕۆڵەی کورد پەروەر. منداڵەکانمان باوەڕیان بەو پارتە سیاسیانە نەبوو کە لە مەیدان بوون، بۆیە ڕویان ڕوویان کردە (پەکەکە)."

دایە مەحبوبە بەو شێوەیە باسی لە منداڵی پەیامی کچی کرد: "پەیام هەر لە منداڵیەوە ژیر بوو، حەزی لە کار بوو، هەمیشە لە نێو جموجۆڵدابوو، کاری دەستڕەنگینی و درومانی دەکرد، هەرچەند بچوک بوو بەڵام زۆر حەزی لە کار بوو."

دوای ئەوەی خوێندنی خۆی تەواو کرد، لە پەیمانگا خولیای تێکۆشانی هەڤاڵان بوو. پێش ئەوەی بچێتە ناو هەڤاڵان ڕۆژێک وتی؛ دایکە دەمەوێت کراسێکت بۆ بکڕم هەرچەند ئەو کات قوماش و شت گران بوو پێم خۆش نەبوو بیکرێت، بەڵام وتی؛ کێ ئەزانێ من جارێکی تر کراسێک بۆ تۆ دەکڕم کراسێکی بۆ کڕیم و بۆخۆشی دوری. دیار بوو ئەو کاتە بڕیاری دابوو بچێت بۆ شاخ، زنجیرێکی زێڕی هەبوو فرۆشتی و پێویستیەکانی خۆی پێکڕی و پاشان هات بەباوکی وت؛ 'دەمەوێت بچمە ناو هەڤاڵان'، باوکیشی ڕێگری لێنەکرد، منیش هەر چەند پێم دەوت؛ کچم ژیانی شاخ سەخت شەڕ هەیە دیل بوون هەیە، بەڵام ئەو پێی وتم؛ 'دایە من ئەو شتانە هەمووی دەزانم، دەیوت 'خێزنەکەمان شەهیدێکی تیا نیە من دەمەوێت ببم بە شەهیدێکی کوردستان'."

دایە مەحبووبە، لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە کۆمەڵکوژی کچەکەی و هاوڕێکانی کرد و وتی: "هەمیشە خەمی ئەوەمە کە چۆن کچەکەمیان شەهید کردوە، دەزانم ئەوانەی کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە کاریان خیانەت و کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەی گەلی کورد بووە. ئەوان کوردایەتیان نەکرد، بەڵکو خەلکیان لەناو برد و بوونەتە دکتاتۆر. کاتێک پارتی ئەو هەڤاڵانەی کۆمەڵکوژ کرد، ئەو هەڤاڵانە چەکیان پێنەبوو قەلەمیان پێبوو، ئەوەی پشتی شکاندووم ئەوەیە کە ئەوان بەناو کوردن."

دایە مەحبوبە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە زۆر هەوڵیانداوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی شەهیدانیان، بەڵام تاکە وەڵامی کە پێیاندراوەتەوە ئەوە بووە کە دەبێت بەبێ دەنگی تەرمەکان وەربیرێنەوە واتا بە نهێنی، دایە مەحبوبە ئەو هەڵوێستەشی شەرمەزار کرد و جەختی کردەوە: "ئەو هەڤاڵانە لەڕێگەی کارێکی خراپ گیانیان بەخت نەکردوە، تا بەنهێنی تەرمەکانیان وەرگرینەوە، بڕیارم داوە هەرچی ڕاگەیاندنی کوردستان و دەرەوە هەیە بانگهێشت بکەم بۆ ئەوەی بێنن و تاوانەکانیان ببینن."

هەروەها نازەنین عوسمان خوشکی هەڤاڵ پەیام، باسی لەکەساتی و ژیانی خۆشکەکەی کرد و وتی: "هەڤال پەیام خاوەن کەسایەتیەک سەربەخۆ بوو، هەمیشە لە ژیاندا خاوەن بڕیاری خۆی و ئیشی ڕێکوپێک بوو، هەمیشە ئەو کتێبی دەخوێندەوە و گفتۆگۆمان لەسەر دەکرد، کاتێک فکری سەرۆک ئاپۆی ناسی لە قۆناغی دووی پەیمانگای مامۆستایان بوو، لەناو هاوڕێکانیدا زۆر کاریگەری هەبوو، من ئەوەم دواتر زانی کە شەهید بوو هاوڕێکانی زۆر کاریگەر ببوون."

نازەنین وتیشی: "کاتێک هەڤال پەیام بڕوانامەی وەرگرت و وەک ناوی بۆ دامەزراندن گەڕایەوە بەلام وتی؛ 'من ئەو کارە ناکەم' هەڤاڵ پەیام هەموو بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆی بەلاوە ناو ڕێباز و فکری پەکەکەی بەباوەڕی و خۆشحاڵیەوە گرتە بەر. دوای ئەوەی پەروەردەیەکی ٤٠ رۆژی لە شەروانانی تازە لە قەرەداخ بینی، ڕۆژێک بەسەردان گەڕایەوە کاتێک گەڕایەوە هەستم کرد زۆر گۆڕاوە. ئەو کات کتێبی(چۆن بژین)ی سەرۆک ئاپۆی پێبوو ئەو کتێبە بە زمانی عەرەبی بوو دەیویست بیکات بە کوردی. سەرەتاکەی پیشاندام زۆر جوان کاری کردبوو."

نازەنین وتیشی: "زۆری پێخۆش بوو بچێت بۆ هەولێر هەمیشە دەیوت؛ هەولێر پێویستی پێمانە، لە هەولێریش لەماوەیەکی کورتدا جێگەی خۆی لە دڵی هەڤاڵان و هاوڵاتیان کردبووەوە، هەڤال پەیام خاوەن کەسایەتی شۆڕشگێری بوو، بەڵام ئەوەی لە هەولێر روویدا پەڵەیەکی ڕەش بوو بۆ مێژووی کورد، جێگەی شەرمەزاری بوو. من داوا دەکەم کە فشارێکی توند بخرێتە سەر پارتی بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت ئێسقانەکانیان بدەینەوە."

نازەنین ئاماژەی بەوەکرد کە ڕۆڵی هەڤاڵ پەیام و هەڤاڵانی ڕۆڵێکی گرنگ بووە و ئەوان ئەو کات نوخبەیەکی بە توانابوون، ناوبراو دووپاتی کردەوە: "جێدەستی ئەوان ئەمڕۆ لە باشور بەرهەم دێت، لەسایەی ئەوانە ئێستا گەلی کورد لە باشور تامەزۆری بینینی هەڤالانە."

نازەنین لە کۆتاییدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەتی پارتی و جەختی کردوە: " ئەو سیاسەتەی پارتی بەڕێوەی دەبات، هەرێمی کوردستانیشی بەرەو داڕوخان بردوە، خزمەت تەنها بە دوژمنان دەکات."

(ش ب)