"چوار جار ماڵەکەیان ڕووخاندوم و نابم بە تورک"

09:31

ژنها

شرناخ- بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شاری شرناخ و گوندەوارەکانی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و هەروەها بۆ ئەوەی لە زێدی خۆیان دوور نەکەونەوە، لە دەوروبەری شاردا چادریان هەڵداوە، فاتمە یەکێک لەو ژنانەیە کە چوارەمین جارە ڕووبەڕووی کۆچبەری بۆتەوە بەڵام تا ئێستاش ئامادەنیە ڕووبکاتە شارەکانی تورکیا و دەڵێت: ناتوانن بە کوشتن و دەربەدەری بمانکەن بە تورک.

فاتمە کولترە، تەمەن ٧٥ ساڵان خەڵکی گوندی "سەرگێ محێموسێ"یە کە لەساڵی ١٩٩٠دا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەسوتێنرێت و دانیشتوانی گوندەکە ڕووبەڕووی هێرشی سوپای تورک و ڕاگواستن دەبنەوە. دوای ئەوەی گوندەکەیان دەسوتێنن لەگەڵ خێزانەکەی ڕوو دەکەنە شاری شرناخ و خانوێک دروست دەکەن، کە خانوەکەیان تەواو دەبێت، بۆ جارێکیتر خانوەکەیان دەڕوخێنرێت، ئەم جارە کۆچ دەکەن بۆ شارۆچکەی "قوم چاتی" لە هەمان شاردا. بە هۆی فشار و هەڕەشەی بەردەوام جارێکیتر ڕوودەکەنە شاری شرناخ، دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر شارەکە بۆ جارێکیتر خێزانی فاتمە دووچاری کۆچکردن دەبنەوە و ڕوو دەکەنە شارۆچکەی "سێگرگێ" لە ناوچەی قلابان. دایە فاتمە هەموو تەمەنی خۆی لە ڕاگواستن و دەربەدەری بەسەر بردوە بەڵام تا ئێستاش ئامادە نیە ڕوو بکاتە شارە گەورەکانی تورکیا.

دایە فاتمە وتی: "گریان لە شرناخ بەرداوە، هیچیان بۆ نەهێشتووینەتەوە، ماڵەکانیان ڕووخاندوە، ئێستا هاتوینەتە چادر، ١٠ کەس لە ژێر ئەو چادرە دەمێنینەوە، کاتێک دەبێتە شەو لەناو چادرەکەدا پەردە دەکێشین و زەحمەتی زۆریش دەبینین، بەڵام هەرگیز و هەرگیز ناچین واز لە زێدی خۆمان ناهێنین و چۆڵی ناکەین.

دایە فاتمە باس لەوە دەکات کە هیچ هێرش و چەوسانەوەیەک بە قەدەر ژیانی شارە گەورەکانی تورکیا ناخۆش نیە هەروەها وتیشی: "خاکی خۆمانە، وڵاتی خۆمانە چیان لێمان دەوێت؟ داوا دەکەیەن کە وازمان لێبێنن."

فاتمە ئۆپراسیۆنەکانی ساڵانی نەوەدەکانی بیرخستەوە کە لە بەرامبەر گوندنشیان ئەنجام ئەنجامدرا و بە هۆیەوە گوندەکان سوتێنران و دانیشتوانەکەشی راگوێزران بۆ شارەکانی تورکیا و وتی: "پێشتر ژیانێکی خۆشمان هەبوو، لە کوێستانەکانما دەگەڕاین، بەڵام ئەو کاتیش سەربازان هاتن هەرچی ماڵ و موڵکمان هەیە سوتاندیان و لەبەر چاوی ئێمە لەباوکمیان داو دەستیان لە هیچ نەدەپاراست."

دایە فاتمە لەکۆتایشدا بانگەوازیەکی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە کرد کە دەنگی دەبیسن و وتی: "داوا دەکەم ئیتر وازمان لێبێنن هیچمان لێیان ناوێت و چیتر گەنجانمان کۆمەڵکوژ نەکەن و دەربەدەرمان نەکەن"

(ش ب)