کۆمەڵکوژی هەولێر ١٩ ساڵە چاوەڕوانی ئاشکراکردنە(٢) - دۆسیە

09:39
دۆسیە" class="social-twitter">

شەنگار برادۆست/ ژنها

سلێمانی- یەکێکیتر لەوانەی ١٩ ساڵ بەر لە ئێستا لە کۆمەڵکوژی هەولێردا گیانی بەختکردوە، ناهیدە حەمە ساڵح ناسراوە بە (ڕوکەن)، کەسوکاری ڕوکەن داوایان کرد کە هەرچی زووە رووفاتی ئەو هەڤاڵانە بەکەسوکاریان بدرێتەوە چونکە ئەوان ئەو هەڤاڵانە وەک سمبۆلی بەرخۆدانی دەبینن.

ناهیدە حەمە ساڵح ڕەحیم لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری سلێمانی چاوی بە دونیا هەڵێناوە، دوای ئەوەی خوێندنی خۆی تەواو دەکات، لە ساڵی ١٩٩٦دا پەیوەندی بە گەریلاکان دەکات، دوای ئەوەی ڕوکەن لە ناو بیر و ئایدۆلۆژیای ئازادی ژنان خۆی قوڵدەکاتەوە، لە شاری هەولێر درێژە بە کار و خەباتی سیاسی دەدات و بە شێوەیەکی چالاک کاری ڕێکخستنی دەکات. لە کۆمەڵکوژی ساڵی ١٦ ی گوڵانی ١٩٩٧لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی لە بارەگای یەکێتی ژنان لە شاری هەولێر کۆمەڵکوژ دەکرێت. دوای ١٩ ساڵ لەو کۆمەڵکوژیە کەسوکاری ڕوکەن نیگەرانیان دەربڕی بەرامبەر هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حەسیبە حەمە ساڵح خوشکی شەهید ڕوکەن سەرەتا باس لە تایبەتمەندی و ژیانی خوشکی کرد و وتی: "ڕوکەن خاوەن کەسایەتیەکی لەسەر خۆ بە هەست و مرۆڤدۆست بوو، حەزی لە هاوکاری کردنی دەوروبەر بوو، هەمیشە دەیەویست ببێت بەهێزێک و بەرامبەر دابونەریتە سەپێنراوەکانی کۆمەڵگە بوەستێتەوە و هێزی شارەوەی خۆی دەرببڕێت. هەمیشە بە دوای واتای شتەکان دەگەڕا، ئەو وەڵامی خۆی لەناو ژیانی کۆمەڵگەدا نە دەدۆزیەوە، پەرتوکی پەیوەست بە شۆڕش و کەسایەتی شۆڕشگێڕی دەخوێندەوە و لەگەڵ ئێمە گفتوگۆی دەکرد، دەیەویست هەستەبەرجەستەبووەکانی بخاتە بواری کردارەوە."

حەسیبە باسی لەکاتی ئاشنابوونی ڕوکەن بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد کرد و وتی: "کاتێک ڕوکەن لە زانکۆ دەیخوێند ڕۆژێک گەڕایەوە ماڵ باسی لەوە کرد بە فکرێک ئاشنا بووە کە لە منداڵیەوە بە دوای دەگەڕێت. ڕوکەن و خوشکێکیترمان کاریان لە ڕێکخراوەکاندا دەکرد، بەڵام ڕوکەن بە دوای لێگەڕیێنێکدا بوو، ڕێکخستنی هەڤاڵانیش ئەو کاتە لە باشور شتێکی تازە بوو، ژیانێکی جیاواز لە پارت و ڕێکخراوەکانی تری ئەو کات لە باشوری هەبوو. ئەوانەی لەو کاتە خەباتیان کرد و پۆل پۆل پەیوەندیان بە بزوتنەوەی ئازادی دەکرد پێویستیان بە شۆڕشێکی ژنان دەبینی و لەپێناو ئەمەش ڕوویان لە شاخ کرد. ڕوکەنیش بڕیاریدا بچێتە شاخ و پەروەردەیەک ببینێت بەلام هەڤال روکەن بە تەواوی بڕیاری دابوو ئێمە نەمان زانیبوو. دوای ئەوەی بۆ خەبات گەڕایەوە گۆڕانکاری زۆری تیا بەدی دەکرا وەک سەرکردەیەک هەڵسوکەوتی دەکرد."

حەسیبەی خوشکی روکەن لە بەردەوامی وتەکاندیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر هۆکارەکانی کۆمەڵکوژی و وتی: "ئەو هەڤاڵانەی لە هەولێر کاریان دەکرد بە شێوازی ژیان و تێۆشانی خۆیان کاریگەری زۆریان لە سەر هاوڵاتیان دانابوو، ئەمەش بووە هۆی ترسێک لە دڵی دەسەڵاتدارانی پارتی کە لە ژێر بەرژەوەندی دەوڵەتی توکیا دەجوڵانەوە، ئەو کات سەرەتای هاتنی میتی تورکی بوو بۆناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەو هەڤاڵانە دەیانوسیت خەڵکی لەو مەترسیە هۆشیار کەنەوە، ئەو کاتەی کۆمەڵکوژیەکەش ئەنجامدرا، هەڤاڵ ڕوکەن و هەڤال هێلین لەماڵێکدا خۆیان دەشارنەوە بەلام ئاسایشی پارتی بە قۆناغە تفەنگ لەمال دەریان دەخەن و دوای دوو ڕۆژ لە ژێر ئەشکەنجە شەهیدیان دەکەن."

حەسیبە لە کۆتایشدا پەیامێکی ئاراستەی دەسەڵاتداران کرد و داوای کرد کە هەرچی زووە رووفاتی ئەو هەڤاڵانە بە کەسوکاریان بدرێتەوە چونکە ئەوان ئەو هەڤاڵانە وەک سمبۆلی بەرخۆدانی دەبینن.

هەروەها حەمە ساڵح باوکی ناهیدە، سەرەتا باسی لەو ڕۆژە کرد کە کچەکەی بڕیاری داوە و لەمال دەرچووە، باوکی ناهیدە وتی: "کاتێک چووم بۆ بارەگای هەڤاڵان بۆ ئەوەی پرسیاری کچەکەم بکەم، پرسیارم کرد کوا بەرپرسەکەتان؟ ژورێکیان پیشاندام و کە چوومە ژووە بینیم کە هەڤاڵێک گسکی بەدەستەوەیە، خەریکی پاککردنەوەی ژورەکەیە، سەرم سوڕما، لای ئێمە بەرپرسەکان خزمەتکار و فەراشیان هەیە، چۆن دەبێت گسک بدات." حەمە ساڵح وتیشی: "ئەوکاتە زانیم کە ئەوانە کەسانی جیاوازن و ئامانجی گەورەیان هەیە."

لەسەر کۆمەڵکوژی هەولێریش حەمە ساڵح وتی: "ئەوانەی کۆمەڵکوژیان لە هەولێر ئەنجامدا چەندین جار خیانەتیان لەو گەلە کردوە، داردەستی دوژمنانن بۆ لێدانی کورد، بەتایبەتیش پارتی. بۆ وەگرتنەوە یان زانینی سۆراخێکی ڕۆڵەکانمان چەندین جار سەردانی پەڕلەمانی کوردستان و وەزارەتی مافی مرۆڤما کرد، دوای هەولێکی زۆر تا ئێستاش گۆڕەکانیان پیشان نەداوین. داوا لە هەموو کەسێک دەکەم کە فشار بخەنە سەر پارتی بۆ ئەوەی ئێسک و پروسکی رۆڵەکانمان بدەنەوە."

(ش ب)