نوسەیبین سەردەکەوێت و دەگەڕێینەوە ماڵەکانمان

11:36

ژنها

مێردین- بەرخۆدانی نوسەیبین لە ٦٣هەمین ڕۆژ بەردەوامە و هاوڵاتیانی ئەو شارۆچکەیەش چاوەڕوانی سەرکەوتنن و دەڵێن: ئاگاداری دۆخەکەین، هەرچیەکیش بکەن نوسەیبین سەردەکەوێت.

بەرخۆدانی بەشکۆی شارۆچکەی نوسەیبین-ی سەر بەشاری مێردینی باکوری کوردستان،لە مانگی تەمموزەوە بە هەموو گڕ و تینی خۆی بەردەوامە، تا ئێستا ٧ جار لەو ناوچەیە باری نائاسای ڕاگەیاندراوە، سەرەڕایی هەموو هێرشەکانیش ژنان چاوەڕوانی سەرکەوتتن و بە دروشم و هەلهەلەی خۆیان خاوەنداری لەو بەرخۆدانە دەکەن کە ڕۆڵەکانیان بەڕێوەی دەبەن. ئەو ژنانەی بە هۆی هێرشە دژوارەکان لەدەوروبەری نوسەیبین و ناوەندی شاری مێردین دەمێننەوە بۆ ژنها دوان.

شادیە دەمیر، لەوبارەیەوە وتی: " بەر لە ٢٥ ڕۆژ لە نوسەیبین دەرچووین، زۆر نیگەرانین بەوەی تا کۆتایی لە ناو بەرخۆدان نەماینەوە، وەک هاوڵاتیانی نوسەیبین بیر لە ماڵ و حاڵی خۆمان ناکەینەوە، هۆش و بیرمان لەلای بەرخۆانە، با گەنجانمان سەلامەت بن هەموو ماڵ و موڵک بە قوربانیان بێت، هێزەکانی دەوڵەت بە زۆر ئێمەیان لە نوسەیبین وەدەرنا، شەو و ڕۆژ بە تۆپ و دەبابە هێرشیان دەکرد، کاتی ئێمە لەنوسەیبین بووین تا بەیانی بە هەلهەلەو دروشم وەڵامی دوژمنانمان دەدایەوە، ئەوان لە دەرنگی ئێمەش دەترسان بۆیە وتیان؛ 'ئەگەر لەمالەکانتان دەرنەچن ئەوا دەتانکوژین و دەتان سوتێنین."

شادیە لەبەردەوامی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد هیوایان زۆرە و دەزانن کە نوسەیبیبن سەردەکەوێت. ناوبراو جەختیشی کردەوە: " دەگەڕێینەوە سەر خاکێکی ئازاد، ئەردۆغان وادەزانێت دەتوانێت نوسەیبین بگرێت، شتێکی وەها مەحاڵە، دەستبەرداری نوسەیبین نابین و هەموومان ئامادەین ببین بە شەرڤان و لە پێناو نوسەیبین گیانی خۆمان بەخت بکەین، نوسەیبین هەر سەردەکەوێت."

هەروەها بێریڤان ئاسڵان، بە هۆی هێرشەکان ڕووی کردۆتە شاری مێردین، بێریڤان ڕایگەیاند: "هەر ڕۆژ ماڵەکانیان بۆردومان دەکردین، بە هۆی ئەوەی منداڵەکانمان توشی کارەساتێک نەبن هاتووین بۆ مێردین، هەرچەند پێمان خۆش نەبوو بەڵام بە هۆی منداڵەکانمان ناچار بووین. کاتێکیش لە نوسەیبین دەرچووین بەڵگەیەکیان پێ واژۆ کردین کە تا باری نائاسایی سەر نوسەیبین هەڵبەگیرێت نەگەڕێینەوە."

بێریڤان وتیشی: "تەرکی خاکی خۆمان ناکەین، نوسەیبین زێدی خۆمانە ئەوان داگیرکەرن، ڕۆژانە لە ناو کۆڵاندا منداڵەکانمان دەدرێنە بەردەسترێژی گولـلە، کێ حسابی ئەمە دەدات؟ ئێمە نامانەوێت چیتر خوێن بڕژێت."

(ش ب)