شەنگال: ژنانی ئێزیدی بارزانیان شەرمەزار کرد
13:01
ژنها
شەنگال – ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی لە شەنگال، بە توندی ئیدانەی سیاسەتەکانی بارزانی دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەوان وەک ژنانی شەنگال بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن پەکەکە لە شەنگال بڕوات.
ئەنجومەنی ژنانی شەنگال سەبارەت بە سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هەڵوێستی سەرکردەکانی ئەو پارتە بەرامبەر بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگال لێدوانێکی ڕاگەیاند، لێدوانەکە لەلایەن نەعام عیسا وتەبێژی ئەنجومەنەنی ژنان خوێندرایەوە، نەعام لە لێدوانەکەیاندا ڕایگەیاند: "دەبێت مەسعود بارزانی حسابی ژنانی دیلی دەستی داعش بدات، نەک باسی ڕۆشتنی (PKK) بکات."
نەعام لە بەردەوامی لێدونەکەیدا وتی: "چیتر ئێمەی ژنانی ئێزدی وەک پێشان لەبەرامبەر ناحەقیەکان بێدەنگ نابین، تا ئێستاش چەندین گوندمان لە دەستی چەتەکان دایە، دەبێت بارزانی سەرەتا ئەو ژنانەی لە سایەی سیاسەتی خۆی دیلی دەستی داعشی کردوون، ئازاد بکات پاشان باسی ڕۆشتنی (PKK) لە شەنگال بکات. دەبێت بارزانی و هەموو ئەو کەسانەی وەک خۆی بیر دەکەنەوە باش بزانن کە (PKK) ژیانی ئێمەیە و تا یەک ژنی ئێزیدی لە شەنگال ماوین بەهیچ شێوەیەکە ڕێگە نادەین هێزەکانی (PKK) لە شەنگال دەرچێت."
لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا ڕایدەگەیەنێت: "لە کاتی فەرمانی سەر شەنگال بە هەزاران کەس کۆمەڵکوژ کران و بەهەزارانیش دووچاری کۆچبەری بوونەوە، تەنیا ئەو هاوڵاتیانە مانەوە کە لە چیای شەنگال بەرخۆدانیان کرد، ئێستاش دەیانەوێت ئەو هاوڵاتیانەی بە هەموو شێوەیەک بەرخۆدانیان کردو تا ئێستاش لە شەنگال بەرخۆدانی دەکەن، بە گژ یەکتری بدەن. دەبێت هەموو جیهان ئەوە بزانێت ڕێگە نادەین ناکۆکی لەنێوان ئێزدیەکان بگەنە ئاستی شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوە، کاتێک ١٣ هەزار پێشمەرگە لە شەنگاڵ ڕایانکرد، تەنیا (PKK) بوو بە هانای هاوڵاتیانی ئێزیدیەوە هات و لەدەستی چەتەکانی داعش ڕزگاری کردین."
وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال لە بەردەوامی وتەکانیدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنی نێوان بارزانی و ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا کرد و جەختیشی کردەوە: "بارزانی بە نهێنی لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە، ڕێککدەکەون و یاری بە چارەنوسی گەلێک دەکەن. لە باکوری کوردستان هاوڵاتیان دەکرێنە ئامانج، ماڵ بە ماڵ بۆمبا دەکرێن کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێن، بارزانیش دەیەوێت لێرە بمانکوژێت، لە راستی ئامانجی ئەو هێزانە هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ چەتەکانی داعش کە کۆمەڵکوژیان لەشەنگال ئەنجامدا."
لێدوانی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بە دەم وتنەوەی دروشمەکانی"بژی سەرۆک ئاپۆ"، "ئێزدیخان یەکە و هۆل هۆلی تاوسی مەلەکە" و ژن ژیان ئازادی کۆتایی هات."
(ش ب)