شەرڤانانی YPJ هەواڵێکی کەناڵی'ڕووداو' بە درۆدەخەنەوە
09:38
سۆرگول شێخۆ/ ژنها
تل تەمەر- شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) هەواڵێکی ڕووداو و هەندێک لە تیڤیەکانی سەربە دەسەڵاتدارانی باشوریان بە درۆخستەوە و ڕایانگەیاند کە هیچ کەس ناتوانێت ڕێگری لە بەشداربوونی ناو ریزی شەرڤانانی (YPG و YPJ) بکات و کەسیش ناتوانێت بە زۆر بەشداریان بکات.
لە ماوەی دوایدا هەندێک لە کەناڵەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان کە بە چەواشەکاری خۆیان ناسراون بەرامبەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکینەکان بە زۆر شەرڤان دەگرنە نێو خۆیان و دەیانبەن بۆ بەرەکانی جەنگ. لەبەرامبەر ئەم جۆرە بانگەشە و هەواڵە ناڕاستانەی "ڕووداو تیڤی" و چەند کەناڵێکیتر، شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) ڕایانگەیاند: "ئێمە بە ئیرادەی خۆمان بەشداری ناو تێکۆشان دەبین، کەسیش ناچار ناکرێت کە ببێتە شەرڤان، شتێکی وا هەر مەحاڵە، ئەو جۆرە هەواڵانە دژە پرۆپاگەندان بە مەبەستی چەواشەکردن دەکرێن، ئەمەش پیشانی دەدات کە هێزی ژنانی ئازاد چ ترسێکی خستۆتە ناخی کۆیلە و بەکرێگیراوان، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە گەورەبوونی سوپاسی ژنان هەرچیەکیان لەدەست دێت دەیکەن، بەڵام با باشبزانن کە ناتوانن هیچ کەم بکەن، هەر خۆیان بچوک دەکەنەوە، ئێمە بە هێزی خۆمان گەیشتووین بە سەرکەوتن.
"نیشانەی ترسە لە هێزی ژنی ئازاد"
شەرڤانی YPJ شیلان ئارین لەوبارەیەوە وتی: "کەسێ ئێمەی بەزۆر نەهێناوەتە ناو یەکینەکان، بەڕاستی شوێنی کەسێکی بێخواست لەناو ئێمەدا نابێتەوە، هەڵبەت کەسێکیش نەیەوێت بمێنێتەوە کەس پێی ناڵێ بەزۆر بمێنەوە، ئێمە سوپای دڵخوازانین، بەڵام هەندێک کەناڵ دەیانەوێت چەواشەی هەر دەسکەوت و بەرهەمێکی شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن، بەتایبەتیش 'رووداو'. ئەوان ترسیان لەبەرەو پێشچوونی تێکۆشانی ژنان و گەورەبوونی سوپای ئازادی ژنە، ئێمەی ژنان چەندە تێبکۆشین ئەوەندەش ئازاد دەبین. ئەوانەی ئەمڕۆ لە هەرشوێنێکی جیهان ڕوودەکەنە نێو ڕیزی شەرڤانان، دەزانن کە تاکە بیروباوەڕیێک لەپێناو بەرژەوەندیەکانی گەل و مرۆڤایەتی تێبکۆشێت هێزی شەرڤانانە."
شیلان جەختیشی کردەوە: "من خۆم وەک شەرڤانێک کاتێک بینیم پیاوان ناتوانن گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا بکەن، ناتوانن بەو ئەقڵیەتەیان سیاسەتێکی ڕاست پێشبخەن، کاتێک بینیم ڕاگەیاندن و دەزگاکانی ڕۆناکبیری لە ژێر سێبەری پیاواندا بەرەوە ئاکاری خراپ دەڕۆن، بڕیارم دا شەڕ بکەم، چونکە ئێمەی ژنان پێویستە شەڕ بکەین، بۆ ئەوەی ببین بە هێز. لەکۆتایشدا جارێکیتر کەناڵەکانی ڕووداو و هاوشێوەکانی ئیدانە دەکەم، شەرمێکی گەورەیە بۆ دوژمنان خزمەت دەکەن، هەرکەسێک بەرامبەر شۆڕشێ ڕۆژئاوای کە شۆڕشی مرۆڤایەتیە، هەنگاوێکی چەوت بهاوێژێت، ئەوا چارەنوسی تێکچوونە."
"ئێمە بە ئیرادەی خۆمان شەڕ دەکەین"
هێڤی تێکۆشین، شەرڤانێکیتری یەکینەکانی پاراستنی ژنانە، هێڤی سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە ئەوان بە ئیرادەی خۆیان بەشداری لە ریزی شەرڤانانی (YPJ) کردوە و بەوشێوەیە بەردەوامی بە وتەکانیدا: "کاتێک ویستم پەیوەندی بە شەرڤانانەوە بکەم پرسیارم لە کەس نەکرد، مۆڵەتم لە کەس نەگرت. دەمزانی لە وڵاتی ئێمەدا شەڕ هەیە، هەر ڕۆژ گەنجان شەهید دەبن، من بۆ بەرگریکردن هاتووم، هێرشمان لەسەرە، لەپێش چاوی جیهان دەکوژرێین! کۆمەڵکوژ دەکرێین. بۆ ئەوەی بژین پێویستمان بە ڕێکخستن هەیە، من لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندیم بە (YPJ) کردوە، نەک وەک "ڕووداو" بانگەشەی بۆ دەکات."
"بە چەواشەکردن ناگەن بە مەرامەکانیان"
هەروەها ڤیان باهۆز شەرڤانێکیترە، ئەویش ئاماژەی بەوە کرد کە کەس ئەوانی بەزۆر نەبردۆتە ناو (YPJ) هەروەها وتی: "کاتێک مرۆڤ بڕیار بدات بۆ ناو ڕیزی ئازادیخوازان کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات. وەک تاکێک دەتوانم بڵێم هەموومان بە ئیرادەی و باوەڕی خۆمان هاتووین و داواشم لە هەموو ژنان و گەنجان ئەوەیە بۆ ئازادی کۆمەڵگە تێبکۆشن. لە کۆتایشدا بۆ ئەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن کە هەواڵی دوور لە ڕاستی لەسەر ئێمە بڵاو دەکەنەوە، ناتوانن بە چەواشەکاری بگەن بە مەرامەکانیان."
(ش ب)