کۆمەڵکوژی هەولێر ١٩ ساڵە چاوەڕوانی ئاشکراکردنە(٣)
10:17
فیدان ڕێزان/ ژنها
عەفرین- دایک و خوشکی "ئاڤیان" کە لە کۆمەڵکوژی هەولێر بەشێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا، ڕایانگەیاند کە ئاڤیان و هاوڕێکانی لەبەرامبەر خیانەت تا دوا هەناسە بەرخۆدانیان کرد و چونکە ئاڤیان تەسلیم بە خیانەتی پارتی نەبووە بۆ ئێمە شانازیەکی گەورەیە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە هێشتاش ژنانی کورد بەردەوامی بە ڕێبازی زەریفە، بەسێ و بێریتان دەدەن و بە هەڵوێستی خۆیان خیانەت دەشکێنن.
حەمیدە ئیبراهیم ناسراو بە(ئاڤیان عەفرین) لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٤ی گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسودی شاری حەلەبە، ئاڤیان منداڵی گەورەی مالەکەی دەبێت، بۆیە هەمیشە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر خوشک و براکانی جموجۆڵی کردوە. کاتێک ئاڤیان ئاشنای بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دەبێت و دەست بە خەبات و تێکۆشانی نەتەوایەتی دەکات ئیتر واز لە خوێندن دێنێت و خوێندنگاکانی ڕژێم بێ واتا دەبینێت و دەڵێت: "شتێک لێرە فێری ببم نیە" بۆیە لەساڵی ١٩٩٣ پەیوەندی بە ڕیزی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات.
لە ١٦ی مانگی گوڵانی ١٩٩٧دا بە هاوکاری هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق سوپای تورکیا دەستێوەردانی خاکی باشوری کوردستانیان کرد و هێرشیان کردە سەر نهخۆشخانهی مانگی سووری كوردستان، رۆژنامهی وڵات و (وطن الشمس)، مهڵبهندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا، یهكێتی نهتهوهیی دیموكراتی كوردستان YNDK – یهكێتی ئازادی ژنانی كوردستانYAJK – یهكێتی خوێندهڤانان و لاوانی وڵاتپارێزی كوردستان(YXLWK ) لە شاری هەولێر، لە ئەنجامدا ٨٢ کەسیان کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کرد، ئەو کاتە ئاڤیان لە بیرۆی یەکێتی ژنانی ئازاد دا لەگەڵ هاوخەباتانی خۆی بە شێوەیەک دڕندە شەهید دەکرێت، هەموو ئەو کەسانەی شایەتی ئەو ڕووداوەیان کردوە هەمیشە ئەوە دەگێرنەوە.
کەسوکاری ئاڤیان چەندین جار سەردانی لایەنە پەیوەندەیدارکانیان کردەوە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کچەکەیان، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکیان نەدراوەتەوە، هەروەها تا ئێستا کاربەدەستانی پارتی لەبارەی شوێنی شاردنەوە یان گۆڕی ئاڤیانی کچیان هیچ زانیاریەکیان پێنەداون. مەقبولە خاجۆی دایکی ئاڤیان و سانیە ئیبراهیم خوشکی باسیان لەبەرخۆدانی و ژیانی کچەکەیان کرد.
"ئاڤیان لە کتێبەکانی رێبەر ئاپۆوە کاریگەر بوو"
مەقبولەی دایکی ئاڤیان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەڤیان ڕۆڵەی گەورەی بووە، بۆیە لەماڵەوەشدا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە و خاوەن بڕیار و هەوڵوێستی بەرچاو بووە، هەروەها وتی: "خانەوادەکەمان وڵاتپارێز بوو، لەگەڵ سەرەتای هاتنی بزوتنەوەی ئازادی بۆ هەرێمەکە ئێمەش پشتیوانی خۆمان دەربڕی بۆ تێکۆشانی نەتەوەیی کوردستان بە پێشەنگی ڕێبەر ئاپۆ. ئاڤیانیش کچە گەورەکەم بوو سێ کچ و چوار کوڕیترم هەن، ئاڤیان زۆر لەو تێکۆشانە کاریگەر بوو، بۆیە وازی لەخوێندن هێناو پەیوەندی بە ڕیزی گەریلاکانەوە کرد."
مەقبولە ئاماژەی بەوەکرد کە هەرچەند ئاڤیان لە خوێندندا زۆریش زیرەک بووە، بەڵام ئەو هەر زوو درکی بەسیاسەتی ڕژێمی بەعس کرد، ناوبراو جەختیشی کردەوە: "ئاڤیان کچێکی چالاک بوو، لە خوێندنیش زیرەک بوو، لە دواین ساڵدا وازی لێ هێنا، کاتێک بڕوانامەکەی هاتەوە من چووم وەرمگرتەوە، ئەوکات مامۆستاکان پێیان وتم؛ 'کچەکەت دەرنەچووە، سەرم لێسورما، چونکە ئاڤیان زۆر زیرەک بوو، پاشان تێگەیشتم کە بۆیە لەو وانانە کەوتوە چونکە لە جیاتی ئەو کتێبانەی خوێندنگە کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆی خوێندبووەوە.
مەقبولەی دایکی ئاڤیان، بەو شێوەیە بەردەوامی بە گێرانەوەی دا: "هێزەکانی رژێم دەیانەویست ئاڤیان بکەن بە ئەندامی خۆیان، بەڵام ئاڤیان هەڵوێستی خۆی بە جوانترین شێوە پیشانداو لەجیاتی ئەندامی ڕژێمی بەعس، بوو بە گەریلای ئازادی. ئاڤیان بە خوێندنەوەی کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ڕاستی مێژووی کوردان گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە هەبوونێکی ئازاد مەگەر لە شاخەکانی کوردستان بە دیدێت، بەو رێگەیەش دەگات بە حەقیقەت."
مەقبولە بیری خستەوە: "بەر لەوەی ئاڤیان بچێتە شاخ، ڕۆژێک پێی وتم؛ 'جوانترین جلی خۆت بپۆشە دەچین بۆ شوێنێک'، کاتێک چووین نەمدەزانی بۆ کوێ دەڕۆین، دواجار بینیم ئێمەی برد بۆ لای ڕێبەر ئاپۆ، ئەو کاتەی ڕێبەر ئاپۆ منی ناسی پێی وتم؛ 'شێر بەچکەی شێرە"، زۆر شانازیم بەو وتنە کرد، ئەو کات هەستم کرد کە کچکەکەم رێگەیەکی چەند پیرۆزی گرتۆتەبەر."
مەقبولەی دایکی ئاڤیان لەکۆتایشدا وتی: "کچکەم لە کۆمەڵکوژی هەولێر شەهید بوو، هەرچەند غەمگین بووین بەو کارەساتە، بەڵام سەرمان بە قەدەر ورە و ئیرادەیان بەرزە، شانازیان پێوەدەکەین، ئەوان نەمرن، سمبۆلی بەرخۆدانین لەبەرامبەر خیانەت. زۆر پێمان خۆشە سۆراخێکیان لێوە بزانین لانی کەم بزانین گۆڕی کچەکەمان لە کوێیە."
"دەمانەوێت ڕێوڕەسمێک بۆ سەرجەم شەهیدانی هەولێر سازکەین"
هەروەها سانیە ئیبراهیم خوشکی ئاڤیانە و بەو شێوەیە باس لە خوشکی خۆی دەکات: "من و ئاڤیان هەم خوشک هەمیش هاوڕێ یەکتری بووین، ئێمە هەردووکمان کچی گەورەی ماڵ بووین، هەمیشە کاری ماڵەوەمان بەیەکەوە دەکرد، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی زۆر فیداکار بوو، چاوی لەکار و بەرپرسیارێتی نەدەشکا، هەربۆیە هەرکەس خۆشی دەویست. ئێستاش ١٩ ساڵ بەسەر شەهیدبوونیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا لەبارەی شوێنی گۆڕەکەی هیچ نازانین، نازانین ئەو تاوانە بۆچی ئەنجامدرا، لەکاتێک ئەوان خەباتێکی مەدەنیان بەڕێوەدەبرد، ئەو دۆخەی ئێستا بەتەنیا تاوانێکی گەورەیە، هیوادارم ڕۆژێک بێت، تەرمی شەهید ئاڤیان و هەموو ئەو هەڤاڵانەی بەدەستی پارتی شەهید کراون وەرگرینەوە و ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بۆ سازکەین."
سانیە ئاماژەی بەوەش کرد کە خوشکەکەی تەسلیمیەتی قبوڵ نەکردووە، تا کۆتایی بەرگری لە شکۆ و کەرامەتی نەتەوەکەی کرد، ئەمەش بۆ هەموومان مایەی شانازی و سەرفرازیە، نیشانەی ئەوەیە هێشتاش ژنانی کورد بەردەوامی بە ڕێبازی زەریفە، بەسێ و بێریتان دەدەن و بە هەڵوێستی خۆیان خیانەت دەشکێنن.
(ش ب)