عێڕاق، لە کۆی شەش منداڵ یەکێکیان بە هۆی جەنگ بریندار دەبێت

11:15

ژنها

ناوەندی هەواڵ- بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە كە لەسەر منداڵانی عیراق ئەنجامدراوە، دەركەوتووە لە كۆی هەر شەش منداڵێك، یەكێكیان بەهۆی جەنگەوە برینداربووە، لەكاتێكدا لەجیهاندا لەنێو ٥٠ منداڵدا یەكێكیان بەهۆی جەنگەوە بریندار دەبێت.

توێژنەوەكە لەلایەن ژمارەیەك توێژەر ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری " سێر جری" بڵاوكراوەتەوە و تیایدا ئەوە روونكراوەتەوە، سەرباری چەندین توێژینەوەو بەدواداچوون بەڵام تائێستا زۆر كەم باس لەژمارەی ئەو منداڵانە كراوە كە لەناوچە گەرمەكانی جەنگ برینداربوون بەتایبەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە.

بەگوێرەی روپێوێكی مەیدانی كە ئەندامانی ئەو تیمە تویژەرە لەساڵی ٢٠١٤ دا لەعیراق ئەنجامیانداوە بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوەیەو برینداربوون دەركەوتووە، لەنێو ٩٠٠ خێزان كە سەرجەمی ئەندامەكانیان گەیشتونەتە ٥ هەزارو ١٤٨ كەس، ١٥٢ منداڵی بریندار تۆماركراون كە دەكاتە رێژەی ٢٨%ی سەرجەمی بریندارەكان.

بەگوێرەی ئەو رووپێوییە ٣٤% ی هۆكاری برینداربوونی ئەو منداڵانە بەهۆی كەوتنەوە بووە، ٢٢% بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بووە، ١٥%ی منداڵەكانیش راستەوخۆ بەهۆی جەنگەوە ( بەركەوتنی فیشەك یان پارچەی تەقەمەنی) برینداربوون، لەكاتێكدا لەسەر ئاستی جیهان ٢% ی منداڵان بەهۆی توندو تیژییەوە بریندار دەبن.

وەك لە توێژینەوەكەدا هاتووە لەكۆی چوار منداڵی بریندار تەنها یەكێكیان لەنەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەكرێت، سێ یەكێشیان تووشی كەمئەندامی بوون، ١٠ برینداریان بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە گیانیان لەدەستداوە ( ٥ برینداریان بەهۆی شەڕەوە بووەو ٥ بریندارەكەی تر بەهۆی رووداوی هاتوچۆو كارەبا و ژەهراوی بوونەوە گیانیان لەدەستداوە).

دەستنیشانكردنی رێژەی ٧% بۆ مردنی منداڵان لە عیراقدا بەهۆی سەختی برینەكانیان وەك لە توێژینەوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، زۆر زیاترە لەهەندێك وڵاتی تر، ئەو رێژەیەش لە باشوری ئەفریقا ٠,١% - لە توركیا ٠,٣%- لە ئێران ٢,٣% - لەگانا ٥,٥% ە.

(ش ب)