گرکێ لەگێ: خەباتی ٢٠ ژنی کرێکار لە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی
10:19
ڕوکەن دێرک/ ژنها
گرکێ لەگێ- ژنان لەشارۆچکەی "گرکێ لەگێ" لەلایەک کار دەکەن بۆ پێشخستنی ئابوری ئابوری لەسەر بنەمای هەرەوەزی و کۆتایی هێنان بە ئابڵۆقەی ئابوری سەر ڕۆژئاوا.
لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەستپێشخەری ژنان خەباتی بونیادنانەوە و پێشخستنی ئابوری بەردەوامە، لە شارۆچکەی "گرکێ لەگێ" سەر بە کانتۆنی جزیرە ٢٠ ژنی کرێکار لە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیدا کار دەکەن، ژنان باسیان لە ئامانجی کار و خەباتی خۆیان دەکەن و ڕایدەگەیەنن:
"دەمانەوێت پەیوەندی ژن-خاک، نوێ بکەینەوە"
مزگین محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی شارۆچکەی گرکێ لەگێ، لەوبارەیەوە ڕایەگەیاند، کە دوو ساڵە دەستیان بەو پڕۆژەیە کردوە، ناوبراو وتی: "پێویستی هەرێمەکەمان بە پڕۆژەی کشتوکاڵیە، بۆیە دەمانەوێت برەو بە خەباتی هەرەوەزی بدەین بەدەستپێشخەری ژنان، ئێستاش لەم چوارچێوەیە دەستمان بە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی کردوە کە ٢٠ ژنی کرێکار کاری تیادەکەن بە هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەبەوە، زیاتریش ویستمان ژنانی گوندنشین لەپڕۆژەکەماندا کار بکەن، چونکە هەم ئەزمونیان لەوبوارە زیاتر هەمیش بۆ ئەوەی ژنانی گوند بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن."
مزگین باسیشی لەوە کرد کە ژنان لە کارەکانیاندا ڕێکوپێکن، بە ویژدان کاردەکەن و زیاتر لە هێزی خۆیان کاردەکەن. مزگین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە پڕۆژانە گرنگی زۆریان هەیە بۆ داهاتوی بۆ ئێستا، چونکە هەرێمەکە لە ژێر ئابلۆقەی ئابوری دایە.
"کۆمەڵگەیەک ئابوری خۆی نەبێت، ئەگەری ژیانی کەمە"
ڕوقیا حەمدون، بەڕەگەز عەرەب لەوبارەیەوە وتی: "منیش لەناو ئەو کێڵگەیەدا کاردەکەم، دەمانەوێت ژنان خۆیان کاربکەن و دڵم خۆشە بەوەی ژنانە ئەمڕۆ بە هەرەوەزی کار دەکەن بۆ پێشخستنی ئابوری، کاتێک ئێمە لێرە کار دەکەین لە هەمان کاتدا تێڕوانینی کۆمەڵگەش بەرامبەر بە ژنان دەگۆڕین." ڕوقیا سەرنجیشی ڕاکێشایە سەر ئابڵۆقەی ئابوری سەر ڕٶژئاوا، وتیشی: "هاوڵاتیان هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر دەدەن بۆ شکاندن و بێکاریگەر کردنی ئابڵۆقەی ئابوری سەر ڕۆژئاوا."
شەمسە حاجی ژنە کرێکارێکیترە باسی لە ئەنجامەکانی ئەو پڕۆژە کشتوکاڵیانە کرد و وتی: " هەر کۆمەڵگەیەک خاوەن ئابوری نەبێت، ناتوانێ ئایندەیەی خۆی زامن بکات، خۆشحاڵین بەوەی هەموومان بەیەکەو کاردەکەین، خۆمان بژێوی خۆمان دابین دەکەین." شەمسە وتیشی: "نامانەوێت چاومان لە دەستی کەس بێت، ئەنجامی زۆر باشـمان دەستخستووە."
(ش ب)