ڕۆنی پێنج ساڵان لە جیاتی یاری کردن لە گرتوخانە دەمێنێتەوە

11:12

بێریتان جان ئۆزەر/ ژنها

موش- ڕۆنی تەمەن پێنج ساڵان لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانی یاری بکات لە گرتوخانەی موش لەگەڵ دایکی ڕادەگیرێت، پاکیزەری دایکیشی دەڵێت: ڕۆژبەڕۆژ هەلومەرجی گرتوخانە ڕوو لە زیادبوونە و تەندروستی منداڵەکەم زۆر خراپ بووە.

دەوڵەتی تورک چۆن هێرش و فشارەکانی بۆ سەر گەلی کورد زیاد کردوە، بە هەمان شێوەش لە گرتوخانەکاندا فشارەکانی زیاد کردوە، پێشلێکاریەکانی مافی مرۆڤ لە گرتوخانەکانی توکیا لە باکوری کوردستان هەموو سنورەکانی تێپەڕاندوە، ئەم هەلومەرجەش بۆ گیراوانی بەتەمەن زەحمەتی زۆری لەگەڵ خۆی هێناوە، بەڵام ئەوەی لە هەمووی تراژیدیترە ژیانی ئەو منداڵانەیە کە لەگەڵ دایکیان لە گرتوخانەکان دەمەێننەوە.

پاکیزەر قەرەدەنیز بە شەش ساڵ و سێ مانگ سزادراوە و لە گرتوخانەی شاری موش گیراوە. پاکیزەر خۆی و منداڵە پێنج ساڵانەکەی لە گرتوخانە دەمێننەوە لەو بارەیەوە وتی: "هەرچەند هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نەبوو گەرچی بە بیانوی ئەوەی ئەندامی ڕێکخستنم(پەکەکە) شەش ساڵ و سێ مانگیان بۆ بڕیومەتەوە، نازانم چۆن منداڵەکەم لە ناو ئەو هەموو زەحمەتیە بە خێوبکەم، نامەوێت لە گرتوخانە بێت، بەڵام چارەیەکیترم نیە."

ئەو دایکە ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆنی کوڕی هێشتیا زۆر منداڵە دەبووایە نەک لە زیندان بەڵکو لە ناو منداڵان یاری بکردایە.

(ش ب)