ڕۆڵی ژنان لە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان دا
09:11
ژنها
سلێمانی – دوای ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان هەر یەک لە ژینۆ محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی فراکسیۆنی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر و شاناز محەمەد ڕەشید ئەندامی ژووری پەیوەندیە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایانگەیاند کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە.
یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لەشاری جوان لەسلێمانی، بەفەرمی رێككەوتنی سیاسی نێوانیان ئاشكراكرد، كە لە ١١ بەش و ٢٥ماددە پێکدەهات. رێككەوتنەكە لەمەراسیمێكی تایبەتدا بەئامادەبونی نوێنەری وڵاتان و لایەنە سیاسیەكان خرایەڕوو.
ژینۆ محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی فراکسیۆنی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند کە شاندێک پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردننی بەندەکانی رێکەوتنامە. هەروەها وتی: "ئەمڕۆ مەڕاسیمی ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنامەی گۆڕان بەڕێوەچوو، دوای ڕێککەوتن یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان شاندێک پێکدەهێنن بۆ ئەوەی کار لەسەر جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە بکەن. "
ناوبراو وتیشی: "یەکێک لەخاڵە گرنگەکانی رێککەوتنەکە باس لە سیستەمی سیاسی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە ئەوە کێشەیەکی گەورەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و لایەکانە سیاسیەکان دروستکردوە، پێم وایە ئەو ڕێککەوتنە کاریگەری زۆری دەبێت لە گۆڕانکاری و چارسەر کردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بەبەشداری نەکردنی هەندێک لایەنی سیاسی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، ژینۆ محەمەد ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەو لایەنانەی بەشداریان نەکردوە پێیان وایە ئەوە پلانگێڕیەک یان مەترسیەکە بۆ سەر خۆیان ئەوا بە هەڵە داچوونە بە پێچەوانەوە ئەگەر مەترسیەکیش هەبووبێت ئەم رێککەوتنە کۆتایی پێهێنا، هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی لەناو پارتە سیاسیەکانی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان مەترسیێکی تر دەڕەوێنێتەوە، ئەم ڕێککەوتنەش داواکاری سەر خەڵک بوو."
ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕۆڵی ژنان لە ناو ڕێککەوتنەکەش و وتی: "خودی سەرکردە ژنەکانی نێو یەکێتی دەستپێشخەر بوون لەو ڕێککەوتنەدا بەتایبەتیش بەر لە ڕێککەوتن لەگەڵ سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندیەکی باشیان دروست کرد و زەمینە سازی ئەم ڕێککەوتنەیان کرد."
هەروەها شاناز محەمەد ڕەشید ئەندامی ژووری پەیوەندیە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەوبەرەیەوە ڕایگەیاند: " سەرجەم مادەکان بۆ بەرژەوندی گەلەکەمانن، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لە ناو خاڵەکان دا دیارکراوە دەبێت سەرۆکی هەرێم لەناو پەڕلەمان هەڵبژێردرێت، سیستەم بکرێت بە سیستەمی پەڕلەمانی."
شاناز ئاماژەشی بە ڕۆڵی ژنان لە ناو ڕێککەوتنەکەدا کرد، وتی: " ئێمە وەک ژنان دەستپێشخەریمان کرد لەوەی ڕۆڵ و پێگەی ژنان زیاتر بکرێت و لە خاڵێکی ڕێککەوتنەکەش ئاماژەی پێکراوە."
(ش ب)