"ئایندەی گەلانی تورکیا لە ئیمڕاڵی گۆشەگیر کراوە"

11:11

ساریا گۆز ئۆغلو/ ژنها

ئامەد- پەرلەمانتاری 'هەدەپە'ی شاری ئەدەنا، ڕایگەیاند کە ئیدی هەڵگرتنی گۆشەگیری بەش ناکات بەڵکو دەبێت دەستبەجێ ئۆجالان ئازاد بکرێت، چونکە ئەمە بڕیارێکی سیاسیە و گۆشەگیری پەیوەست نیە بە دۆخی کەسێکەوە بەڵکو گۆشەگیری سەپێنراوی سەر ئۆجالان مەترسی هەیە بۆسەر هەموو گەلی کورد.

دوا بە دوای ڕێککەوتنی "دۆلمەباخچە" کە گەلانی تورکیای خستە نێو چاوەڕوانی چارەسەری ئاشتیانە، گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە دەستی پێکرد. هەروەها لە ساڵی ٢٠١١وە ڕێگە بە پارێزەرانی نەدراوە بچنە دورگەی ئیمڕاڵی، هاوکات لە ساڵی ٢٠١٥وە رێگە بە کەسوکاری و شاندی ئیمڕالی نادرێت کە بچنە ئیمڕالی و چاوین بە ئۆجالان بکەوێت. ڕۆشنبیران، نوسەر و هاوڵاتیان داوا دەکەن بۆ چارەسەری سیاسیانە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەڵگیرێت. سەبارەت بە کاریگەری دۆخی ئێستای ئیمڕالی و گۆشەگیری لە سەر ئاڵۆزیەکانی تورکیا، پارێزەر مەراڵ دانش پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئەدەنا، ڕایگەیاند: "لە ئیمڕاڵی ئاییندەی گەلانی تورکیا گۆشەگیر دەکرێت."

مەرال دانش وتی: "دەوڵەتی تورکیا باش دەزانێت بەڕێز ئۆجالان بۆ گەلی کورد چ واتایەکی هەیە، گۆشەگیری تەنها سەر ئۆجالان نیە، بەڵکو گەلی مەترسیەکی گەورە هەڕەشە لە گەلی کورد بە گشتی دەکات، دەیانەوێت بە بەردەوامیدان بە گۆشەگیری گەل سەرکوت و ملکەچ بکەن."

پەرلەمانتاری هەدەپە لە شاری ئەدەنا لە بەردەوامی وتەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر کاتی دانوستانەکانی نێوان دەوڵەت و ئیمڕالی وتی: "کاتێک دانوستانەکان بەڕێوەدەچوون منیش لە نزیکەوە چاودێریم دەکرد، هەموو ئەو پێشنیار و پڕۆژانەی لەلایەن بەڕێز ئۆجالانەوە پێشکەش دەکران دەبوونە سەرچاوەی مۆڵ و هێز بۆ گەلی کورد، سەرجەم گەلانی تورکیا لە چاوەڕوانی وەرچەرخانێکی مێژوویدا بوون. هەربۆیە ئەم گۆشەگیریە بەشێوەیەکی قورسکراو بەڕێوەدەچێت، دەیانەوێت گەلی کورد بێ رێبەر بکەن."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و دانوستانەکانی جگەلە ئەو هاوڵاتیانەی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کرانە ئامانج دڵۆپێک خوێن نەڕژا. چونکە هەم گەل هەمیش "کەجەکە" لەچوارچێوەی ڕێنماییەکانی ئۆجالان دەجوڵانەوە."

پارێزەر مەراڵ دانش پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئەدەنا، لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند: "لە جیاتی ئەوەی کار بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بکرێت، کوردستان کراوەتە ناوچەیەکی سەربازی و ڕۆژبەڕۆژ هێرشەکانیان زیاتر دەکەن، ئێستا بە ملیۆنان دایکی گەریلا و سەرباز لەنێو ترسی لەدەستدانی رۆڵەکانینان دەژین. بۆ ئەوەی تورکیا لەو گێژاوە سیاسی- سەربازیە دا دەرکەوێت پێویستە نەک تەنها گۆشەگیری هەڵبگیرێت بەڵکو دەبێت هەرچی زووە بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت. تەنها ئۆجالان دەتوانێت دۆخەکە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا ببات."

(ش ب)