سلێمانی؛ ڕێوڕەسمی چلەی باکور جیلۆ بەڕێوەچوو
09:22
ژنها
سلێمانی- ئێوارەی دوێنێ چلەی شەهیدی یەپەگە بروسک جەمال سابیر ناسراو بە باکور جیلۆ، لەهۆڵی تەواری شاری سلێمانی بەئامادەبوونی بنەماڵەی شەهید و هاوڵاتیان و ئەندامان و نوێنەرانی پەرلەمان و حیزب و لایەنە سیاسیەکان بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەڕاسیمەکە بە وەستان بۆشەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستیپێکرد و دواتر لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە مۆمی چلەی ڕێزلێنانی شەهید باکوور جیلۆ داگیرسێندرا، هەروەها پەیامی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە خوێندرایەوە تیایدا هاتبوو: "ئێمە وەکو خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لەکەسایەتی شەهید باکووردا تەواوی شەهیدانی گەلەکەمان بەبیردەهێنینەوە، بەڵێنی خۆمان بۆگەلەکەمان وخانەوادەی شەهیدان دوپاتدەکەینەوە کەتا گەیشتن بەئامانج و خەونی شەهیدان بەردەوامی بەخەبات و تێکۆشانیان بدەین، بێگوومان تاگەلەکەمان ڕۆڵەی وەکو شەهید باکوور هەبێت ئەوا گەیشتن بە ئازادی و سەرکەوتن نزیکە.
لەمەراسیمەکەدا پەیامی هەریەکە لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێخراوی ژنانی ئازادی خوازی کوردستان (رژاک) پێشکەشکراو داوایانکرد کەچیتر شەهیدانی گەل وەکو شەهەیدی حیزب نەبینرێن وسیاسەتی حیزبەکان لەسەر خوێنی شەهیدانی خاکو نیشتیمان نەبێت، وتەی بنەماڵەی شەهید باکوور جیلۆ لەلایەن ئارام جەمال برای شەهید پێشکەش کراو تێیدا وتی: شەهید باکوور کوڕی ئێمەبوو، بەڵام شەهیدی هەرچوار پارچەکەی کووردستانە، بۆیە ئێمە ئەوە یەکەم شەهیدمان نیە کە بەخشیومانە بەنیشتیمان و ئەمە چوارەم شەهیدی بنەماڵەکەمانە و کۆتا شەهیدیشمان نابێت.
لەکۆتاییدا سینەڤزێۆنێک لەسەر ژیان و خەباتی شەهید پێشکەشکرا، کەلەناویدا وتەی دایکی شەهید باکوور دایە یادە و دوڕان کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لەسەر تێکۆشان و کەسایەتی شەهید باکوور پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
شەهید باکور جیلۆ کە لەدایکبووی شاری سلێمانی باشوری کوردستانە لە رۆژی ٧ی مانگی ڕابردوودا لەگەڵ نۆ هەڤاڵیدا لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەبی ڕۆژئاوای کوردستان لە شەرێکدا دژی چەتەکانی داعش شەهیدبوو.
(ش ب)