ژنە چالاکێکی تری کورد دەسبەسەر کرا
09:32
ژنها
ناوەندی هەواڵ- شەیدا رەحیمی چالاکی ژینگە و ئەندامانی دایکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی سێ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ماوەی سێ رۆژە شەیدا رەحیمی چالاکی بواری ژینگە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەس بەسەر کراوە، هۆکاری گرتنەکەشی دەگەرێتەوە بۆ چالاکیەکانی نەورۆز.
وا باس دەکرێ نزیکەی بیست کەس لە هێزە ئەمنیەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و دوکانی ئەو چالاکەی ژینگە و ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە نەورۆزی ئەمساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رەنگ و بۆنێکی کوردستانی ئاوا کرا و ژنان وگەنجان بەشداری بێ وێنەیان تێدا کرد.
دوابەدوایی تەواو بوونی مەراسیمەکانی نەورۆز، کەسانێکی زۆر لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دەست بەسەر کران.
شەیدا رەحیمی چالاکی بواری ژینگە و هاوکات ئەندامی دایکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستانە.
(ش ب)