"HPC هێزی پاراستنی کۆمەڵگایە"
10:19
فیدان ڕێزان /ژنها
عەفرین – بەڕێوەبەری هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگا-ژنان(HPC-JIN) لە کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند، بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات پێویست بە ژنێکی ئازادە.
هاوڵاتیانی ڕۆژائاوای کوردستان لەبەرامبەر هێرشەکان پاراستنی خۆیان بە هێز دەکەن، یەکێک لەو هێزانەش هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگا( HPC) یە، بەمەبەستی ئاسایشی ناو کۆمەڵگە خەباتی گرنگ ئەنجام دەدات. (HPC-JIN) واتا بەشی ژنان لەناویدا نزیکەی نیوەی ئەم هێزە پێکدێنێت. لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی کار وخەبایەکانیان رۆزا حەسەن بەڕێوەبەری هێزەکانی ئەو هێزە لە کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند: "وەک ژنان زیاتر لەسەر چۆنێتی بەرگریکردن و بەتایبەتیش گرنگی بە پێشخستنی پاراستنی جەوهەری دەدەن."
ڕۆزا حەسەن یەکەمین کۆنفرانسی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری-ژنان کە لە ٢٣ ی مانگی ڕابردوو لە کانتۆنی عەفرین بەڕێوەچوو بیرخستەوە و وتی: "HPC-ژن لەسەر بنەمای ئەمن و ئاسایشی کۆمەڵگە لە مانگی ڕابردوو یەکەمین کۆنفرانسی خۆت ئەنجام دا، کۆنفرانسەکەشمان لەلایەن دەوروبەرەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا و ژمارەیەکی زۆری ژنان بەشداریان کرد. ئەمەش بۆ ئێمە هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر گرنگی بە پێشخستنی پاراستنی جەوهەری بدەین لەناو کۆمەڵگەدا."
ڕۆزا ئاماژەی بە هێڕشەکانی سەر ڕۆژئاوا و چۆنێتی وەڵامدانەوەیان کرد و وتی: "ئەو شەڕەی لە هەرێمەکەدا بەتایبەتیش لەبەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، ڕۆژ بەرۆژ پەرە دەسەنێ، بۆیە ئێمەش لەبەرامبەری دا پێویستمان بەهێزێکی ئامادەی زیاتر هەیە، بۆیە لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا زیاتر ئاماژە بەو خاڵە دەکەین کە دەبێت ژنان پێشەنگی بکەن، چونکە پێویستمان بە کۆمەڵگایەکی ئازاد هەیە کە بە ژنێکی ئازاد و هۆشیار بە دیدێت، بەتایبەت ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕین."
بەڕێوەبەری هێزەکانی HPC- ژن لە کۆتایشدا جەختیشی کردەوە: "لە ناو ڕیزەکانماندا ژنانی عەرەب، کورد، سریان هەن، شانبەشانی هێزکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا و یەکینەکانی پاراستن(YPJ-YPG) ئەرکی خۆپاراستن جێبەجێ دەکەین. هیوادارم نەک تەنها لە ڕۆژئاوا، لە سەرتاسەری جیهان ژنان ببنەوە خاوەنی هێزی پاراستنی خۆیان."
(ش ب)