کەرکوک؛ پیاوێک هاوژین و سێ کچەکەی دەسوتێنێت

14:47

ژنها

کەرکوک - توندوتیژی وسوتان و بێرێزیکردن بەرامبەر‌ ژنان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ زیاد بوندایه‌، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ئەنجامی کارەساتێکی تراژیدی لە گەرەکی قادسیەی شاری کەرکوک پیاوێک ئاگری لە هاوژین و سێ کچکەی بەردەدات و دەیان سوتێنێت.

ڕۆژی ۱۹-٥-٢٠١٦ پیاوێک ئاگر لە ۳ کچەکەی و هاوژێنەکەی بەردەدات، ڕووداوەکەش لە کاتێک ڕوویداوە کە ماوەیەک دەبێت ئەو خێزانە بەدەست باوکیانەوە دەناڵێنن و لە ئەنجامدا بونە قوربانی عەقڵیەتی پیاوسالاری.

لاڤین نورەدین ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازاد لەوبارەیەوە بە ژنهای ڕاگەیاند: "دوینێ له‌ کاتی سه‌ردانێکماندا وه‌ک رێکخروای ژنانی ئازادی کوردستان بۆ نه‌خۆشخانه‌ى ئازادی شاری که‌رکوک ، ئاگاداری ئەو ڕووداوە کراینەوە، هه‌رچه‌ندە‌ زانیاری ته‌واویان نه‌دا به‌ڵام توانیمان به‌شێک له‌ زانیاریەکان وه‌ر بگرین."

لاڤین وتیشی: "باوکێک له‌ نێو ماڵی خۆیاندا٣ کچەکەی کە گەورەکەیان تەمەنی هەشت ساڵانە لەگەڵ هاوژینەکەی واتا دایکی کچەکان لە ژوورێکدا بەند دەکات و پاشان بەنزین دەکاتە ژوورەکەیان، لە ئەنجامدا هەرچواریان دەسوتێن و گیان لەدەست دەدەن، بۆ ئەوەی خۆشی رزگار بکات و وا پیشانی بدات کە بێ تاوانە بەشێکی کەم لە ده‌ستێکی خۆی دەسوتێنێت، هەروەها کەسوکاری ژنەکەش بە ئامانجی تۆڵە سەندنەوە چەند جار هەوڵیان داوە بچنە نەخۆشخانە و پیاوکە بکوژن بۆیەش پاسەوانی تایبەتیان بۆ داناوە."

لاڤین نورەدین ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازاد (رژاک) ئاماژەی بەوە کرد کە وه‌ک رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان له‌ شاری که‌رکوک ژماره‌ و ناونیشانی خێزانی مالی ئه‌و ژنه‌ی بووە به‌ قوربانی عه‌قلیه‌تی پیاو کۆمه‌لگا وه‌رگرتوه‌ و بە دواداچونی زیاتری بۆ دەکەین. لە کۆتایشدا جەختی کردەوە: "جێگای داخە پیاوێک چوار ژن چوار، لەناو دەبات، هێشتا پارێزگاری لێدەرکێت و لەناو نەخۆشخانەدا چارەسەری بۆ دەکرێت، ئێمە وەک ڕژاک ئەمە بە تاوانێک و کۆمەڵکوژیەک دادەنێین بەرامبەر بە ژنان کە لێخۆشبوونی نیە و دەبێت هەرچی زووە بە سزای خۆی بگەیندرێت. کوا یاسای باسی ژنان و کۆمەڵگە دەکات؟ کوا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ؟ کوا نێن ڕێکخراوەکانی بەناوی ژنانەوە کار دەکەن."

(ش ب)