هەڵمەتی 'نابۆ هاوسەرگیری منداڵان' دەستی پێکرد

09:23

ژنها

عامودێ – بە دەستپێشخەری دەستەی ژنانی گەنج و یەکێتی گەنجانی ڕۆژئاوا، دوێنێ لە شاری عامودێ هەڵمەتی "نا بۆ هاوسەرگیری منداڵان دەستی پێکرد.

هەڵمەتەکە بە دروشمی "هاوسەرگیری کچانی بچوک هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگە و هەموو مرۆڤایەتی، تۆش ببە دەنگێک بۆ ئەوەی 'منداڵ نابێتە هاوژین' ڕێگری لە هاوسەرگیری منداڵان بکە" لە شاری عامودێی کانتۆنی جزیرە دەستی پێکرد.

هەڵمەتەکە لەلایەن جەماوەرە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، هەروەها لە خوێندنگاکاندا لافیتەی سەبارەت بەم هەڵمەتە هەڵواسران و لەسەریان نوسراوە" منداڵ نابێتە هاوسەر، نا بۆ شکاندنی ئیرادەی منداڵان، لە منداڵیمان بێبەشمان نەکەن و هاوسەرگیری منداڵان کوشتنی ژنانە لە تەمەنی بچوکدا".

هەروەها یاساکانی دەستەی کاروباری ژنان بە نوسین هەڵواسرابوون، لە یاساکانی دەستەی ژناندا هاتوە نابێت کچ لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ هاوسەرگیری پێبکرێت، هەرکەسێکیش پەیڕەوی ئەم یاسایە نەکات ئەوا ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر جێبەجێ دەکرێت. هەر باوک یان پیاوێک کچ لە ژێر ١٨ ساڵان بەشو بدات ئەوا هەم باوکەکە هەم ئەو پیاوەی کچەکەی لێمارە کراوە، هەم ئەو کەسانەی مارەییان بڕیوە لەنێوان ٣-٧ ساڵ زیندانی دەکرێن.

(ش ب)